زیدان رەتیدەکاتەوە لالیگا کۆتایی هاتبێت و چاوەڕێی هەڵەکانی بارسێلۆنا دەکات

زیدان: بارسێلۆنا ناتوانێت تاهەتایە بباتەوە و گۆڵ بکات

K24- هەولێر

سەرەڕای ئەوەی بە جیاوازیی 10 خاڵ لە بارسێلۆنا دوورکەوتوونەتەوە و لە دێربی مەدرید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسان بوون، بەڵام زینەدین زیدان رەتیدەکاتەوە لالیگا کۆتایی هاتبێت.

دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ زیدان رەتیکردەوە رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا کۆتایی هاتبێت، لە کاتێکدا ریال مەدرید 24 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی چوارەم، 10 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ و سێ خاڵ لە ڤاڵێنسیای دووەمەوە دوورە.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
'ئێمە ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی هیچ گۆڵێک بکەین، ئێمە شایستەی بردەوە بووین و پێموایە لەسەر رێگایەکی راست دەڕۆین.
پێموانییە لالیگا کۆتایی هاتبێت، راستە بارسێلۆنا ١٠ خاڵ لە پێشەوەی ئێمەیە و ئەم جیاوازییەش زۆرە، بەڵام هێشتا یاری و خاڵێکی زۆر ماوە، من دڵنیام دەتوانین ئەم جیاوازییە کەم بکەینەوە، بارسێلۆنا تاهەتایە هەر ناباتەوە و گۆڵ تۆمار ناکات، بۆیە پێویستە ئێمە چاوەڕێی هەڵەکانیان بکەین.
ئێمە ئەمڕۆ هەموو شتێکمان کرد، تەنیا لە گۆڵکردن شکستمان هێنا، من بەداخەوەم بۆ یاریزانەکانم، چونکە شایستەی زیاتر بوون، بەڵام ئێمە لەسەر ململانێکانمان بەردەوام دەبین. ئێمە تا کۆتایی دەجەنگین، چونکە لە تۆپی پێ زۆرجار بە خێرایی هەموو شتێک دەگۆڕێت'.

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی
'ئێمە بەرامبەر باشترین پێکهاتەی جیهان یاریمان کرد و ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد، ئێمە لە چامپیۆنزلیگ ئاستمان وەکو پێویست نییە، بەڵام لە لالیگا و جام ئاستمان باشە، سەبارەت بە دابەزینی ئاستی گریزمانیش، من کاتێک منداڵ بووم وا فێرکرام کە هەمیشە کێشەکانمان لە ناو خێزانەکەمان چارەسەر بکەین، ئەم بابەتە لە ناو خێزانەکەمان چارە دەکرێت، نەوەک لە دەرەوە، ئێمە لە ٣٠ خولەکی دەستپێکی ئاتلێتیکۆی راستەقینەمان بینی، لە نیوەی دووەمیش دێربییەکی نموونەیی بەڕێوەچوو.
ئەگەر ڤاران نەبووایە کۆریا گۆڵێکی دەکرد، ئەمشەو لۆكاس هێرناندێزیش ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بەرامبەر کریستیانۆ وەستایەوە، ئەو تەمەنی بچووکە و داهاتووێکی پڕشنگدار چاوەڕێی دەکات'.