شای ئوردن دۆخی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات
گفتوگۆ لەبارەی ھێنانەدی ئارامی و سەقامگیری دەكەن
K24 - ھەولێر
شای ئوردن لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێس و نوێننەرانی ئەمریكا باس لە دۆخی عێراق و پرسی ھەرێمی كوردستان دەكات.
رۆژنامەی رەئی ئوردنی بڵاویكردەوە، شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێس و نوێنەرانی ئەمریكا باسی لە دۆخی عێراق و چۆنیەتی ھاوكاریكردنی حكوومەتی بەغدا كرد بۆ ھێنانەدی ئارامی و سەقامگیری لەو وڵاتە و پرسی ھەرێمی كوردستانیش بابەتێكی دیكەی گفتوگۆی نێوان شای ئوردن و شاندەكەی ئەمریكا بووە.
ھەروەھا باسیش لە ئاڵۆزییەكانی سووریا و شەڕی تیرۆر بەگشتی و پرۆسەی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیل كراوە.
ئوردن یەكێكە لەو وڵاتانەی پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە لە 18/5/2017، سەرۆك بارزانی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵڵا، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە دەریای مردووی ئۆردن سەردانی شانشینی ئۆردنی كرد، لە دیدارێكدا تاوتوێی رەوشی سیاسی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریان كرد.
