لە ئەمریکا 9 کەس کوژران کە لەنێوانیاندا دوو منداڵ و ئافرەتێکی دووگیان هەن

پۆلیسی شارۆچکەی پێری
پۆلیسی شارۆچکەی پێری

بەهۆی رووداوێکی دڵتەزێنی تەقەکردن لە ناو ماڵێکدا لە شارۆچکەی پێری لە ویلایەتی پێنسڵڤانیا، نۆ کەس گیانیان لەدەستدا کە لەنێویاندا ژنێکی دووگیان و دوو منداڵ هەن، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن گومانلێکراوەکە پاش هێرشەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

رووداوەکە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەینی روویدا، کاتێک پۆلیس ئاگادار کرایەوە لەبارەی بوونی تەقە لە شەقامی پێری و دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، تەرمی دوو ژنیان دۆزییەوە کە بە فیشەک کوژرابوون.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "زە سەن"، گومانلێکراوەکە بە چەکێکەوە لەناو ماڵێکدا خۆی حەشاردابوو، دواتر تیمێکی هێزە تایبەتەکان دەستوەردانیان کرد و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویدا، دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکە، پۆلیس چوونە ناو ماڵەکە و لە چەند بەشێکی جیاوازدا تەرمی چەند کەسێکیان دۆزییەوە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن گومانلێکراوەکە بەهۆی برینەوە گیانی لەدەستداوە کە پێدەچێت خۆی تەقەی لەخۆی کردبێت.

دەسەڵاتداران پشتڕاستیانکردەوە کە ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە نۆ کەس، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکان یان پەیوەندییان بە گومانلێکراوەکەوە ئاشکرانەکردووە.

ریک لۆرا، بەرپرسی پۆلیسی شارۆچکەی پێری، شوێنی تاوانەکەی بە یەکێک لە دیمەنە قورسەکان وەسف کرد کە تیمی پۆلیس و لێکۆڵینەوە رووبەڕووی بوونەتەوە و جەختیکردەوە کە قەبارەی زیانە گیانییەکان و ئەو دۆخەی رووداوەکەی تێدا روویداوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هێزە ئەمنییەکان بەجێهێشتووە.

لە کۆتاییدا، لۆرا دووپاتیکردەوە، دەسەڵاتداران لەبەر رێزگرتن لە قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان، لە ئێستادا وردەکاری زیاتری تاوانەکە بڵاوناکەنەوە.