میلیشیاكانی حه‌شد خانووی هاووڵاتییه‌كی كوردیان له‌ خورماتوو ته‌قانده‌وه‌

تا ئێستا سه‌دان و ماڵ و دوكانی هاووڵاتییان تاڵانكردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

چه‌كدارانی حه‌شدی توركمانی، خانووی هاووڵاتییه‌كی كوردیان له‌ شارۆچكه‌ی خورماتوو ته‌قانده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، كاتژمێر 10:53ی خووله‌كی شه‌وی رابردوو، چه‌كدارانی ئه‌و میلیشیاكانی حه‌شد‌، خانووی هاووڵاتییه‌كی كوردیان له‌ گه‌ڕه‌كی كۆماری، له‌ نزیك مزگه‌وتی كۆماری ته‌قاندووه‌ته‌وه‌.

له‌ دوای راده‌ستكردنی شارۆچكه‌ی خورماتوو و شاری كه‌ركووك له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی دیاری ناو حزبێكی سیاسی، به‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كان، تا ئێستا زیاتر له‌ 183 هاووڵاتی كوردی نیشته‌جێی ئه‌و ناوچانه‌ ئاواره‌ بوونه‌.

تا ئێستاش ده‌یان خانوو و دوكانی هاووڵاتییانی كورد له‌ خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه‌، له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ تاڵانكراون و ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌.