له 27 ويلايه‌تى ئه‌مريكا هاوسه‌رگيرى كچانى منداڵ ئاسايى و ياساييه
كاتێك باوكى كچۆڵه‌كان رازى بوو، دادوه‌ريش مافى نييه ره‌تيبكاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له ئابى 2016دا رێكخراوى يونيسێف رايگه‌ياند، له جيهاندا 700 مليۆن حاڵه‌تى هاوسه‌رگيرى منداڵان هه‌يه.
له‌و ژماره‌يه چاره‌كێكيان له خوار ته‌مه‌نى 15 ساڵى هاوسه‌رگيريان كردووه.
يونيسێف ئه‌وه‌شى خستبووه‌ڕوو، ئه‌و منداڵانه‌ى هاوسه‌رگيريان پێده‌كرێت، رووبه‌ڕووى تێكچوونى ده‌روونى و ته‌ندرووستى ده‌بنه‌وه و ئه‌وه‌ش هه‌ندێكجار سه‌ريكێشاوه بۆ مردنيان.
كاتێك باس له هاوسه‌رگيرى منداڵانى كچ ده‌كرێت، خوێنه‌ر راسته‌وخۆ بير له ژينگه و كلتوور و رۆشنبيرى و ئاينى ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه. يان بير‌ى بۆ وڵاتانى هه‌ژارى ئاساي و ئه‌فريقا ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وه مه‌زنده‌يه‌كى هه‌ڵه‌يه.
ته‌نيا له ئه‌مريكا له نێوان ساڵانى 2000 بۆ 2015 زياتر له 200 هه‌زار حاڵه‌تى هاوسه‌رگيرى كچانى منداڵ هه‌بووه.
ئه‌مه له كاتێكدايه زۆرينه‌ى ره‌هاى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان باره‌گاى سه‌ره‌كييان له ئه‌مريكايه.
هه‌روه‌ها رێكخراوه ئه‌مريكاييه‌كانى داكۆكيكار له مافه‌كانى مرۆڤ راپۆرتى ساڵانه له‌سه‌ر زۆرينه‌ى ره‌هاى وڵاتانى جيهان بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
هێشتا نه‌بوونه‌ته 10 ساڵ
به گوێره‌ى ئامارى دامه‌زراوه‌ى (Unchained At Last) له نێوان 2000 تا 2015دا له ئه‌مريكا 207 هه‌زار و 468 كچۆڵه‌ى منداڵ ناچار كراوون هاوسه‌رگيرى بكه‌ن.
ئه‌و رێكخراوه‌ى ئاماره‌كه‌ى ئاماده‌كردووه، ده‌ڵێت: هێشتا حاڵه‌ته‌كان زۆر زۆر له‌وه زياتره، چونكه هه‌شت ويلايه‌تى ئه‌مريكا هيچ ئامارێكى درووستيان راده‌ست نه‌كردوون له باره‌ى هاوسه‌رگيرى منداڵانى كچه‌وه.
ته‌نيا له ويلايه‌تى نيوجێرسى 3هه‌زار و 500 حاڵه‌تى هاوسه‌رگيرى هه‌بووه، كه له به‌شێكيان بووكه‌كه ته‌مه‌نى نه‌گه‌يشتووه‌ته 13 ساڵ و ئه‌وانى ديكه‌ش ته‌مه‌نى بووك له نێوان 16 و 17 ساڵيدا بووه.
له ويلايه‌تى تينيسى بچووكترين كچۆڵه‌ى منداڵ كه به شوودرابێت له 2006 بووه و ته‌مه‌نى نه‌گه‌يشتووه‌ته 10 ساڵ و دراوه به پياوێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵى.

سه‌نته‌رى (Tahirih) راپرسييه‌كى له ناو 3000 هه‌زار حاڵه‌تى هاوسه‌رگيرى منداڵان ئه‌نجامداوه، كه له نێوان 2009 تا 2011 ناچاركراوون هاوسه‌رگيرى بكه‌ن، ده‌ركه‌وتبوو، به رێژه‌ى له سه‌دا 90ى كچه منداڵه‌كان به‌ر له‌وه‌ى بگه‌نه ته‌مه‌نى پێگه‌يشتن، به زۆره‌ملێ هاوسه‌رگيريان پێكراوه.
ئه‌و كچه منداڵانه رايانگه‌ياندبوو، به زه‌برى توندوتيژى خێزانى و هه‌ڕه‌شه و لێدانه‌وه هاوسه‌رگيريان پێكراوه.
راپرسييه‌كه ئه‌وه‌شى ئاشكراكردبوو، به‌شێك له په‌نابه‌ره‌كان ناچاركراوون كچۆڵه منداڵه‌كانيان به شوو بده‌ن له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ناردنه‌وه‌يان بۆ وڵاته‌كانيان و ده‌ركردنيان له ئه‌مريكا. به تايبه‌تى كاتێك پياوانى به‌ته‌مه‌ن و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموون داواى منداڵه كچه‌كانيان لێكردوون.

له 27 ويلايه‌تى ئه‌مريكا هاوسه‌رگيرى منداڵان ئاساييه
له 2014دا، هه‌شت وڵاتى تازه‌پێگه‌يشتووى وه‌ك (گواتيمالا، زيمبابۆى، سلڤادۆر، ته‌نزانيا، گامبيا، چاد، مالاوى و هندۆراس) بڕيارياندا هاوسه‌رگيرى خوار ته‌مه‌نى 18 ساڵى قه‌ده‌غه بكه‌ن، هه‌رچه‌نده ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌و وڵاتانه وه‌ك پێويست نييه, بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ هاوسه‌رگيرى كچانى منداڵ دابنێن، به‌ڵام له ئه‌مريكاى خاوه‌ن گه‌وره‌ترين هه‌ژموونى ئابوورى و سياسى به‌سه‌ر جيهاندا و خاوه‌نى به‌رزترين ده‌نگى داكۆكيكار له مافه‌كانى مرۆڤ، له 27 ويلايه‌تى هيچ ياسايه‌ك نييه بۆ رێگرتن له هاوسه‌رگيرى كچانى منداڵ. له 8 ويلايه‌تى ديكه‌يدا كه‌مترين ته‌مه‌نى هاوسه‌رگيرى 16 ساڵه. له ويلايه‌ته‌كانى ئالاسكا و كارۆليناش، كه‌مترين ته‌مه‌نى هاوسه‌رگيرى بۆ كچان 14 ساڵه. هه‌روه‌ها له ويلايه‌تى نيوهامشير كه‌مترين ته‌مه‌ن بۆ كچان 13 ساڵه و بۆ كوڕانيش 14 ساڵه.
هه‌رچه‌نده له ئه‌مريكا ياساى ره‌سمى ده‌وڵه‌ته‌كه ته‌مه‌نى 18 ساڵى دياركردووه، به‌ڵام ويلايه‌ته‌كان مافى ئه‌وه‌يان هه‌يه ياساى خۆجێيان هه‌بێت و له زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانيش به ياسا خۆجێيه‌كان كارده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها له ويلايه‌ته‌كاندا رێگه دراوه كچه منداڵه‌كان هاوسه‌رگيرى له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا بكه‌ن كه ده‌ستدرێژى سێكسيان كردوونه‌ته سه‌ر ياخود لێيان دووگيان بوونه.

له زۆرينه‌ى حاڵه‌ته‌كانى ديكه‌دا مه‌رجى سه‌ره‌كى هاوسه‌رگيرى منداڵه كچه‌كان ئه‌وه‌يه ته‌نيا باوكيان رازى بێت، به بێ ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندى منداڵه‌كان وه‌ربگيرێت. به شێوه‌يه‌كى گشتيش باوكه‌كان كچۆڵه‌كانيان ناچار ده‌كه‌ن به هاوسه‌رگيرى و دادوه‌ر و كارمه‌ندانى دادگاش مافى ئه‌وه‌يان نييه دژى ره‌زامه‌ندى باوكه‌كه بوه‌ستنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ش بگرێيت و ناڕازى بێت، دادوه‌ر مافى ئه‌وه‌ى نييه له‌سه‌رى بێته ده‌نگ و كچه‌كه‌ش ناتوانێت سكاڵا دژى باوكى تۆمار بكات.
له ئايارى رابردوودا و له ويلايه‌تى نيوجێرسى ئه‌مريكا پرۆژه ياسايه‌ك به ناوى (A3091) خرايه‌ڕوو، كه له خوار ته‌مه‌نى 18 ساڵى هاوسه‌رگيرى كچانى ياساغ ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه ياسايه راسته‌وخۆ له لايه‌ن فه‌رمانڕه‌واى ويلايه‌ته‌كه‌وه كه پاڵێوراوى پێشووى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيش بوو (كريس كريستى) ره‌تكرايه‌وه.
كريستى رايگه‌ياند، ئه‌و ياسايه رێگه به حكومه‌ت ده‌دات ده‌ستوه‌ربداته ناو ململانێكانى په‌يوه‌ست به كۆمه‌ڵگه ئاينييه‌كان ناوچه پارێزگاره‌كانى نيوجێرسى. ئه‌مه له كاتێكدايه نيوجێرسى ديارده‌ى به‌شوودانى منداڵانى تێدا گه‌يشتووه‌ته چڵه‌پۆپه.

داهاتووى ره‌ش
ئامار و زانيارييه‌كان ده‌ريانخستووه، زۆرينه‌ى ره‌هاى قوربانيانى ئه‌و ديارده‌يه كاتێك ده‌نگه‌نه ته‌مه‌نى 18 ساڵى زۆرتر تووشى نه‌خۆشييه‌كانى دڵ و شه‌كره و شێرپه‌نجه و فشارى خوێن ده‌بنه‌وه و ئه‌گه‌رى تووشبوونيان به‌و نه‌خۆشيانه له سه‌دا 23 زياتر ده‌بێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى له دواى ته‌مه‌نى 18 ساڵى هاوسه‌رگيرى ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه، زۆرينه‌ى قوربانيانى ئه‌و ديارده‌يه دواى ئه‌وه‌ى ده‌گه‌نه 18 ساڵ، په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانيان ده‌پچڕێنن و له كه‌سوكار و دۆستانيان دوورده‌كه‌ونه‌وه و هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌ردارى خوێندن ده‌بن و به‌شێكيان خۆيان خه‌ريكى ژيانى ناوماڵ و منداڵ به‌خێوكردن ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه، كاتێك په‌يوه‌ندييه‌كانيان دێته سه‌ر جيابوونه‌وه، ئه‌و ژنانه رووبه‌ڕووى ره‌وشێكى ناهه‌موار ده‌بنه‌وه چونكه لانيكه‌م ده‌بێت به ته‌نيا خه‌ريكى به‌خێوكردنى دوو يان سێ له منداڵه‌كانيان بن.
به گوێره‌ى ئه‌نجامى راپرسييه‌كان ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و منداڵانه‌ى هاوسه‌رگيريان له‌گه‌ڵ پياوانێك پێده‌كرێت، كه ده‌يه‌يه‌ك يان دوو ده‌يه له خۆيان گه‌وره‌ترن زۆربه‌ى جار تووشى توندوتيژى ده‌بنه‌وه و ئه‌و زه‌بر و زه‌نگ و توندوتيژييه‌ش تووشى شڵه‌ژانى ده‌روونيان ده‌كات و هه‌ندێكيشيان به‌رگه‌ى ئه‌و دۆخه ناگرن و په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خۆكوشتن.
سه‌رچاوه‌كان
Shattering the Silence Surrounding Forced and Early Marriage in the United States
Child marriage is still legal in the US
Child protection from violence, exploitation and abuse
Forced Marriage in Immigrant Communities in the United StatesAmerica’s Child-Marriage Problem
America’s Child-Marriage Problem
More than 200,000 children married in US over the last 15 years