مباپێ لە دیمانەیەکی باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و رۆناڵدۆ دەکات
مباپێ: هاوینی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید لە گفتوگۆدابووم و لە سانتیاگۆ بۆ سەرکەوتن یاریی دەکەین
K24- هەولێر
کیلیان مباپێ لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ دەکات و پێیوایە ئەم یارییە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەموو جیهان بسەڵمێنن.
لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دیمانەیەکی مباپێی بڵاوکردووەتەوە و هێرشبەرە 18 ساڵانەکە یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید بە یاریی کۆتایی ناوزەد دەکات و دەڵێت گەرچی ریال مەدرید پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگە، بەڵام ئێمە بۆ سەرکەوتن دەچینە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
.jpg)
مباپێ کە لە چەندان یاریگەی گەورەی ئەوروپا یاریی کردووە، بەڵام هەرگیز لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی نەکردووە و دوای دوو مانگی دیکە بۆیەکەمجار لە مەدرید لەم یاریگەیە یاریی دەکات و بە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی گوتووە، رێز لە ریال مەدرید دەگرن وەکو پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئامادە نین رێزێکی زۆری بەرامبەرەکەیان بگرن و پێیانوایە لەم یارییە دەرفەتێکی باشیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بە جیهان پیشان بدەن.
هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان کە هەمیشە وەکو پێشڕەوێک ڤاسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات، لە دیمانەکەی دەڵێت ئەمجارەیان وەکو رکابەرێک رووبەڕووی کریستیانۆ دەبمەوە و پێیوایە ئەگەر ریال مەدرید کریستیانۆ رۆناڵدۆی هەبێت، ئەوانیش نێیماریان هەیە.
مباپێ رەتیدەکاتەوە باسی سێکوچکەی ئێم سی ئێن بکات و دەڵێت راستە هاوینی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید لە گفتوگۆدابووم، بەڵام ئێستا ئەم بابەتە بووە بەشێک لە رابردوو و ئێستا پارێزگاری لە رەنگ و ناوی پاریس سانجێرمان دەکەم.
مباپێ دەڵێت ئەگەر ریال مەدرید بکەینە دەرەوە دەتوانین رکابەری لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بکەین و هێرشبەرەکەی پێشووی مۆناکۆ ستایشی رفایل ڤاران و کەریم بێنزێما و زینەدین زیدانی هاونیشتیمان دەکات و دەڵێت لە فڕەنسا هەموومان زیدانمان خۆش دەوێت و وەکو هێرشبەرێکی گەورەش لە بێنزێماش دەڕوانین.
