دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران كرایەوە
ئاڵوگۆڕی بارزگانی و گەشتیاری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران دەست پێدەكاتەوە
K24 - چۆمان
دوای كردنەوەی مەرزی پەروێزخان، كەمێك پێش ئێستا دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانیش كرایەوە.
پەیامنێری كوردستان24 لە دروازەی سنووری حاجی ئۆمەران رایگەیاند: "دوای ئەوەی حكومەتی ئێران شەوی رابردوو بڕیاری كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، كەمێك پێش ئێستا مەرزی حاجی ئۆمەران كرایەوە".
گوتیشی: "كارمەندانی بەشی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران دەستیان بەكاركردن كردوە و دەرگاكان كراوەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان ھەردوولا".
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە تارانەوە، ئاگاداریان كردینەوە كە حكومەتی ئێران بڕیاریداوە لە كاتژمێر 12 شەوی رابردووەوە ھەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران كراوە دەبن".
گوتیشی: "بەڕێوەبردنی دەروازەكان وەك پێشتر دەبێت و لایەنی عێراقی لە مەرزەكان بەشدار نابێت، لەكاتی دانوستان لەنێوان ھەولێر و بەغدا، ئەو بابەتانە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە سەر لەبەیانی ئەمڕۆش دەروازەی سنووری پەروێزخان كرایەوە و ھاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەو مەرزە دەستیپێكردەوە.
ھ.م