ترەمپ و پووتین رێککەوتن

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: کە گفتوگۆیەکی زۆر سەرکەوتووی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئەنجام داوە و تێیدا رێککەوتوون لەسەر دابینکردنی ملیۆنان تۆن گازوایل لە لایەن مۆسکۆوە بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان، بە مەبەستی دابەزینی خێرای نرخەکان.

هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس)، کۆتاییهاتنی گفتوگۆیەکی سەرکەوتووانەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا راگەیاند، کە تێیدا لێکتێگەیشتن لەسەر هەناردەکردنی بڕێکی زۆری سووتەمەنی بۆ بازاڕی ئەمریکا و جیهان هاتووەتە ئاراوە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد، کەمێک لەمەوبەر لەگەل پووتین قسەم کرد و رێککەوتین لەسەر ئەوەی رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن گازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دابین بکات، هاوکات بڕی 500 هەزار تۆنی دیکە لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا و، راستەوخۆ دوای ئەوەش یەک ملیۆن تۆنی دیکە بنێرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی خستنەڕووی بڕی سووتەمەنییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: سەرباری ئەوەش، بەپێی دۆخی پاڵاوگەکانی گازوایلی ئەو وڵاتە، رووسیا لە ماوەیەکی کورتدا سێ ملیۆن تۆنی دیکەش لە گازوایل رادەست دەکات.

ترەمپ گرنگیی ئەم رێککەوتنەی بەستەوە بە دۆخی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەکە و گوتی: لە نێوان کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر گەرووی هورمزدا و ئەم راگەیاندنە گەورەیەی پەیوەست بە وزەی رووسیا، نرخی گازوایل بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی و لە راستیدا بۆ تەواوی جیهانیش بە خێرایی و بە ژمارەی پێوانەیی دادەبەزێت.

هاوکات تیشکی خستە سەر پێشینەی کارەکانی بۆ کەرتی ناوخۆ و نووسیویەتی: "دابەزاندنی نرخەکان بۆ ئەمریکییەکان، بە تایبەت بۆ جووتیارە مەزنەکانمان، ئاژەڵداران و، شۆفێرانی بارهەڵگر، گەورەترین ئەولەوییەتی منە؛ ئەمە راگەیاندنێکی زۆر گەورە و گرنگە."