بەھۆی غازی سۆپاوە سێ ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا
چوار ئەندامی دیكەی خێزانەكە باری تەندروستیان تێكچووە
K24 - ھەولێر
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە گوندێكی سەر بە ناحیەی كەلەكی سنووری قەزای خەبات، بەھۆی غازی سۆپاوە سێ ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا و چواری دیكەش باری تەندروستیان تێكچووە و گەیەنەدراونەتە نەخۆشخانە".
دكتۆرە جەمیلە حەمەدەمین، پزیشكی پسپۆری دادی لە پزیشكی دادوەری ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "بەپێی پشكنینە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە ئەندامانی ئەو خێزانە بەھۆی غازی سۆپاوە تووشی ئەو رووداوە بوونە، بۆ دڵنیایی زیاتر پشكنینی دیكە بۆ تەرمەكان دەكەین".
گوتیشی: "ساڵانە بەھۆی سۆپاوە رووداوی لەم جۆرە روودەدەن، بەڵام ئەمساڵ ئەوە یەكەم رووداوی سۆپایە كە تەرمەكانیان ھێنراونەتە پزیشكی دادوەری".
ئەندامێكی ئەو خێزانەی كە تووشی ئەو رووداوە بوونە بە كوردستان24 راگەیاند: "براكەم پێشمەرگەیە و من بەیانی لەكاتی چوونم بۆ دەوام زانیم ویستم بڕۆم ئۆتۆمبێلەكەی ئەو ببەم، بەڵام بینم تووشی ئەو رووداوە بوونە، بەوھۆیەوە سێ كەسیان گیانیان لە دەستداوە و چواریشیان باری تەندروستیان تێكچووە، یەكێك لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای ھەولێر چارەسەری تەندروستی بۆ كراوە و دووانی دیكەش لە نەخۆشخانەی خەبات".
ھ.م


.jpg)


