جبووری: سزاكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌گرین
سه‌لیم جبووری: به فه‌رمی داوامان له دادگای فیدراڵ كردووه هه‌موو بڕیاره‌كانی دژ به هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، نووسراوێكیان ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵی كردووه، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و سزایانه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان لاببرێن، كه به‌هۆی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌سه‌ریدا سه‌پێندرابوون.
ئه‌م قسانه‌ی سه‌لیم جبووری له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون و گوتی، له‌كاتێكدا كه ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی كوردستان، كه له 25ی ئه‌یلولی رابردوو ئه‌نجامدرا، هیچ كاریگه‌ریه‌كی به‌سه‌ر عێراقه‌وه نه‌ما، پێویسته هه‌موو ئه‌و سزایانه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان لاببرێن، كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێندراون.
هه‌وره‌ها جبووری گوتی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نووسراوێكی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵی كردووه، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كه له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراون".
جبووری جه‌ختیشی كرده‌وه، له نووسراوه‌كه‌دا داوامان له دادگای فیدراڵی كردووه، ئێمه ئاماده‌ین دان به‌وه‌دا بنێین كه ریفراندۆم هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌ماوه و پێویسته دۆخه‌كه بۆ به‌ر له 25ی ئه‌یلولی 2017 بگه‌ڕێته‌وه. هه‌وره‌ها گوتی، چۆن دادگای فیدراڵ به‌بڕیارێك كاریگه‌ری ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی نه‌هێشت، پێویسته به‌هه‌مان شێوه بڕیاره‌كانی له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌دژی كوردستان ده‌ركراون هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.