بارسێلۆنا بەرگریکارێکی لەدەست دا

تۆماس ڤێرمایلین تووشی پێکان بوو

بارسێلۆنا لە یاریی بەرامبەر ریال بیتیس بەرگریکارێکی بۆ گەڕاوە و بەهۆی پێکان توانای بەرگریکارێکی دیکەی لەدەست دا.

لە یارییەکانی گەڕی بیستەمی لالیگا کاتێک بارسێلۆنا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر لەریال بیتیسی بردەوە، لە خولەکی 38ی یارییەکە تۆماس ڤێرمایلین لە بەستەرەکانی رانی چەپی تووشی پێکان بوو و یارییەکەی پێ تەواو نەکرا و ساموێل ئۆمتیتی شوێنی گرتەوە، لە کاتێکدا بەرگریکارە فڕەنسییەکە لەوەتەی رۆژی 2ی سێپتێمبەرەوە لە یاریکردن دابڕابوو.

بارسێلۆنا دوای یارییەکە رایگەیاند ڤێرمایلین تووشی پێکان بووە و ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت، خۆردی ئالبای بەرگریکاری بلاوگراناش رایگەیاند پێکانەکەی ڤێرمایلین هەمان پێکانی ئۆمتیتییە و پێشبینی دەکرێت ماوەیەکی زۆر لە یاریکردن داببڕێت، کە ئەم وەرزە بەشداریی 14 یاریی بلاوگرانای کردووە.