چه‌ندان یاری ئاگرین له‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستان به‌ڕێوه‌یه‌

یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ راهێنه‌رێكی نوێوه‌ بۆ سارێژكردنی برینه‌كانی رووده‌كاته‌ گه‌رمیان

 له‌ گه‌ڕی چواره‌می خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان سێشه‌ممه‌ (6) له‌ كاتژمێر 2:30ـی ئێواره‌ به‌ كاتی باشووری كوردستان ده‌كرێن.

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (ئاكرێ ـ كۆیه‌)

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، كۆیه‌ دوای 2 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئاكرێ كه‌ تا ئێستا تامی هیچ سه‌ركه‌وتنێكی نه‌كردووه‌، ئه‌م دوویانه‌ له‌ هێڵی به‌رگری جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی به‌دی ده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌م وه‌رزه‌ 5 گۆڵیان لێكراوه‌، به‌ڵام له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ ناهاوسه‌نگییه‌كی زۆر هه‌ست پێده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی یانه‌ی كۆیه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ زۆرترین جار تۆڕی به‌رامبه‌ره‌كانی هه‌ژاندووه‌ و، وڵات عه‌بدولره‌حمان هێرشبه‌ری كۆیه‌ به‌ تۆماركردنی 6 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرتووه‌.

كۆیه‌ به‌ 6 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت، له‌وكاته‌ی یانه‌ی ئاكرێ به‌ 2 خاڵ له‌ خانه‌ی پێشكۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ده‌بینرێت.

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (سۆران ـ هه‌ڵۆ)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، یانه‌ی هه‌ڵۆ كه‌ به‌ دۆخێكی خراپ تێپه‌ڕ ده‌بێت بۆ سارێژكردنه‌وه‌ی برینی شكستی هه‌فته‌ی رابردووی سه‌ردانی یاریگه‌ی سۆرانی دراوسێی ده‌كات، ئه‌م دوویانه‌یه‌ هه‌فته‌ی رابردووی تامی یه‌كه‌مین شكستیان له‌ خوله‌كه‌ كرد، ئه‌مڕۆش بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دڵی هانده‌رانیان به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

یانه‌ی سۆران به‌ 4 خاڵ له‌ پۆلێنی سێیه‌م دێت، یانه‌ی هه‌ڵۆش به‌ 2 خاڵ له‌ دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی جێماوه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (گاره‌ ـ دهۆك)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی هه‌مان كۆمه‌ڵه‌دا، له‌ دێربی دهۆك، گاره‌ و دهۆك به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانه‌ی دهۆك به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هیچ شكستێك به‌ 7 خاڵ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ گاره‌ كه‌ خاوه‌نی لاوازترین هێڵی به‌رگرین له‌ خوله‌كه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ بردنه‌وه‌یه‌ك بكه‌نه‌ دیاری بۆ هانده‌رانیان و به‌ ته‌نیا 2 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یان دێن.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: (كفری ـ سه‌یدسادق)

یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ شاره‌زووره‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی كفری رووده‌كاته‌ گه‌رمیان، ئه‌م دوویانه‌یه‌ خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ن و هه‌میشه‌ یارییه‌كانییان جمه‌یان له‌ هانده‌ران دێت.

 به‌پێی ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان بێت یانه‌ی كفری كه‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه‌ ئه‌ركی ئاسانه‌، به‌و پێیه‌ی رووبه‌ڕبووی یانه‌ی سه‌یدسادق ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌بێ كۆكردنه‌وه‌ی هیچ خاڵێك له‌ دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ دێت.

ئه‌م یارییه‌ یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌خت ده‌بێت بۆ سه‌ڵاح مه‌حموودی راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی سه‌یدسادق كه‌ شوێنی نازم جه‌باری راهێنه‌ری پێشووی گرته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی 2 شكستی له‌سه‌ریه‌ك له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: (ئاشتی ـ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی)

ئه‌م یارییه‌ له‌ دێربی سلێمانی ده‌كرێت،  یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ ئامانجی بڕینی بلیتی خولی نایاب ئاماده‌كاری بۆ خوله‌كه‌ ده‌كات و له‌ پێناو ده‌ستخستنی 3 خاڵی یارییه‌كه‌ به‌ره‌نگاری یانه‌ی ئاشتی هاوشاری ده‌بێته‌وه‌.

یانه‌ی ئاشتی هه‌فته‌ی رابردوو به‌ شكست و‌ نائومێدی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ سلێمانی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ ئامانجی یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتن له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی باوه‌ش بۆ پێشمه‌رگه‌ی میوانی ده‌كاته‌وه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: (شه‌هیدان ـ ده‌ربه‌ندیخان)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، یانه‌ی شه‌هیدان و ده‌ربه‌ندیخان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌ دواساته‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو به‌رامبه‌ر كفری له‌ده‌ستی دا بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌رامبه‌ر شه‌هیدان قه‌ره‌بووی بكاته‌وه‌.

یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌بێ هیچ دۆڕانێك و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 4 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شه‌هیدان به‌ 2 خاڵ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ یارییه‌ك بباته‌وه‌ له‌ پله‌ی پێنجه‌م جێگیر بووه‌.