گه‌ڕی چواره‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان كۆتایی هات

یانه‌ی كۆیه‌ بۆته‌ شێری نێو یاریگه‌ی خۆی و رێوی ده‌ره‌وه‌

له‌ گه‌ڕی چواره‌می خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان، 6 یاری به‌ڕێوه‌ چوون، یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد و شوێنی خۆی له‌ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م پته‌وتر كرد.

ئاكرێ ـ كۆیه‌

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، یانه‌ی كۆیه‌ دوای 2 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی و روویكرده‌ یاریگه‌ی ئاكرێ و یارییه‌كه‌ی 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك به‌ ئاكرێ دۆڕاند، ئه‌مه‌ش دووه‌مین شكستی یانه‌ی كۆیه‌ بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی.

كۆیه‌ به‌ 6 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ماوه‌یه‌وه‌، له‌وكاته‌ی یانه‌ی ئاكرێ به‌ 5 خاڵ بۆ خانه‌ی سێیه‌م هه‌ڵكشا.

 سۆران ـ هه‌ڵۆ

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، یانه‌ی سۆران میوانداریی یانه‌ی هه‌ڵۆی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌ك كۆتایی هات.

یانه‌ی سۆران به‌ 5 خاڵ له‌ پۆلێنی چواره‌م دێت، یانه‌ی هه‌ڵۆش به‌ 3 خاڵ له‌ خانه‌كانی كۆتایی دێت.

 (گاره‌ ـ دهۆك)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و له‌ دێربی دهۆك، گاره‌ و دهۆك به‌یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ یارییه‌كه‌یان ته‌واو كرد، یانه‌ی دهۆك به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هیچ شكستێك به‌ 8 خاڵ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مایه‌وه‌‌، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ گاره‌ كه‌ ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ بردنه‌وه‌یه‌ك بكه‌نه‌ دیاری بۆ هانده‌رانیان و به‌ ته‌نیا 3 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی دواوه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت..

 (كفری ـ سه‌یدسادق)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، یانه‌ی كفری و سه‌یدسادق به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆڕی یه‌كتر به‌هه‌ژێنن یارییه‌كه‌یان ته‌واو كرد، یانه‌ی سه‌یدسادق تاكه‌ یانه‌ی خوله‌كه‌یه‌ تا ئێستا هیچ گۆڵێكی نه‌كردووه‌ و ته‌نیا خاڵێكی ده‌ستخستووه‌.

یانه‌ی كفری به‌ 8 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ چۆل كرد و هاته‌ پله‌ی دووه‌م، یانه‌ی سه‌یدسادقیش هێشتا نه‌یتوانیوه‌ له‌ دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ده‌ربازی بێت.

 

 (ئاشتی ـ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی)

ئه‌م یارییه‌ له‌ دێربی سلێمانی به‌ڕێوه‌ چوو،  یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌ خوله‌كه‌ تۆمار كرد و به‌ تاكه‌ گۆڵێكی جووتیار جه‌زا شكستی به‌ ئاشتی هێنا و به‌ 9 خاڵ بۆ سه‌رلیستی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وت.

له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئاشتی به‌ تاكه‌ خاڵێك له‌ شوێنی خۆی له‌ خانه‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مایوه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: (شه‌هیدان ـ ده‌ربه‌ندیخان)

(شه‌هیدان ـ ده‌ربه‌ندیخان)

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، یانه‌ی شه‌هیدان و ده‌ربه‌ندیخان به‌یه‌ك گه‌یشتن و یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.

یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌بێ هیچ دۆڕانێك و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 5 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شه‌هیدان به‌ 2 خاڵ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ یارییه‌ك بباته‌وه‌ له‌ پله‌ی پێنجه‌م مایه‌وه‌.