ئێمری: ناوبژیوان نەبووایە 2-1 لە ریال مەدریدمان دەبردەوە
کاردانەوەی راهێنەری پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید دوای یارییەکەیان
دوای سەرکەوتنەکەیان زینەدین زیدان ستایشی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد و بە پیاوی یارییە گەورەکانی ناوزەد کرد و ئاشکرایکرد ماوەیەکی زۆر بوو پلانیان بۆ ئەم یارییە دانابوو، یۆنای ئێمریش بە تووندی رەخنەی لە بڕیارەکانی جیانلۆکا رۆکی ناوبژیوانی یارییەکە گرت و گوتی ئەگەر ناوبژیوان نەبووایە یارییەکە یەکسان دەبوو یانیش پاریس سانجێرمان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی دەبردەوە.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
شەوێکی خۆشە بۆ ئێمە چونکە ئەنجامێکی باشمان بەدەستهێنا و ئێمە شایستەی سەرکەوتن بووین، چونکە کۆششێکی زۆرمان کرد و ماوەیەکی زۆرە خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکەین و لەمێژە پلان بۆ ئەم یارییە دادەنێین،
دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ یارییەکی نایابمان پێشکەشکرد، یارییەکی بە کۆمەڵمان کرد و هەر کەسێک بە ئەرکی خۆی هەڵسا، سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو یاریزانێکە هەمیشە خۆی بۆ خۆی دەدوێ، ئەو هەمیشە لە یارییە گەورەکاندا دەردەکەوێت و یەکلا کەرەوەیە و ئەمشەویش هەر هەمان شتی کرد.
ئێمە دەزانین چامپیۆنزلیگ تایبەتە، بۆیە بەم سەرکەوتنەمان دڵخۆشین، چونکە ٩٠ خولەکی نایابمان بەڕێکرد. چانسی سەرکەوتنمان بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە، بەڵام هێشتا یاریی گەڕانەوە ماوە و پێویستە لە یاریی گەڕانەوەش بە هەمان ئاست و گڕوتینەوە یاریی بکەین.

یۆنای ئێمری، راهێنەری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی
یارییەکی گەورەمان ئەنجام دا و ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد من لە ئاستی یاریزانەکانم رازیم، ئێمە شایستەی ئەنجامێکی باشتر بووین، بەڵام دوو گۆڵەکەی کۆتایی لە کاتێکی سەخت تۆمار کران، ئەوان یارییەکەیان بە چەند وردەکارییەکی بچووک بردەوە، ناوبژیوانیش لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیاری دەدا.
ئێمە شایستەی ئەم ئەنجامە خراپە نەبووین، ئەگەر بڕیارەکانی ناوبژیوان وردتر بوونایە یارییەکە یەکسان دەبوو یانیش ئێمە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دەمانبردەوە، بەڵام ئێمە بۆ یاریی گەڕانەوە گەشبینین و ئێمە چەندان هەلمان بۆ رەخسا و متمانەی تەواوم بە خۆمان هەیە ئەم ئەنجامە تێدەپەڕێنین و دەگەینە قۆناخی چارەکی کۆتایی،
ێدانی سزای ریال مەدرید دروست نەبوو، تۆپێکیش بەر دەستی سێرخیۆ رامۆس کەوت و ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ئێمە هەژمار نەکرد، دوو کارتی زەردیشی بە رووی یاریزانەکانماندا بەرزکردەوە، با بزانین لە پاریس چی روودەدات، بەڵام هیوادرام ناوبژیوان لە یاریی گەڕانەوە جیاواز بێت و پێویستە ناوبژیوانی ڤیدیۆیی بەکار بهێنرێت، چونکە هەڵەکانی ناوبژیوانان لە زیادبووندان.
بێگومان ریال مەدرید بەربژێرە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، چونکە پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگە.