توركیا یه‌خه‌ی ساڵح موسلیم به‌رنادات
ئه‌نقه‌ره داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ساڵح موسلیم له ئه‌ڵمانیا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیاریی میدیاكانی توركیا، حكومه‌تی توركیا داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رلین كردووه، ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌یان راده‌ست بكات، كه به‌شداری له خۆپیشاندانی تایبه‌ت به شه‌رمه‌زاركردنی هێرشی سه‌ر عه‌فرین كردووه.
هاوكات به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، باس لهوهشكراوه، كه حكومه‌تی توركیا به مه‌به‌ستی دادگایكردنی، داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ساڵح موسلیمی له به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا كردووه. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندووه: "ئه‌وان له هه‌وڵه‌كانیان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی موسلیم به‌رده‌وام ده‌بن".
لە25 شوباتی 2018 ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده)، له شاری پراگی پایتەختی كۆماری چیك ده‌ستگیركرا. میدیاكانی پەیەدەش ئاشكرایان كرد ساڵح موسلیم، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك چووەتە چیك و دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی چیك لەسەر داوای توركیا بووە.
به‌ڵام رۆژی سێشه‌ممه 27/2/2018، ھاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە برایه بەردەم دادگا‌و دواتر له‌لایه‌ن دادگایه‌كی چیكه‌وه له پراگ ئازادكرا.
له تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016 له‌لایه‌ن توركیاوه یاداشتی ده‌ستگیركردن بۆ ساڵح موسلیم و 47 به‌رپرسی دیكه‌ی دیاری په‌یه‌ده، ده‌ركرا. دوای دەستگیركردنیشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە چیك كردبوو ساڵح موسلیم رادەستی توركیا بكات.