چیرۆكی پاڵه‌وانێتی پۆلیسێك له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی دوێنێی فه‌ره‌نسا
ژماره‌ی كوژراوانی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا گه‌یشته چوار كه‌س

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، پۆلیسێكی فه‌ره‌نسی، به‌هۆی سه‌ختی برینكه‌یه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، كه له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌و وڵاته، شوێنی خۆی له‌گه‌ڵ بارمته‌یه‌ك گۆڕیبۆوه.
ئێواره‌ی دوێنێ، چه‌كدارێك له باشووری فه‌ره‌نسا، هه‌ڵیكوتایه سه‌ر شوێنێكی بازرگانی و چه‌ند كه‌سێكی به بارمته گرت، كه یه‌كێك له‌وانه ژن بوو، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس گه‌یشتنه شوێنه‌كه، یه‌كێك له پۆلیسه‌كان به‌ناوی "ئارۆن بێلترام"، 45 ساڵ، شوێنی خۆی له‌گه‌ڵ ژنه به بارمته گیراوه‌كه گۆڕییه‌وه.
له‌و ماوه‌یه‌شدا، مۆبایله‌كه‌ی به كراوه‌یی جێهێشتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیس له‌ده‌ره‌وه‌ی مۆڵه‌كه به‌رده‌وام ئاگاداری جموجۆڵی چه‌كداره‌كه بێت له‌ناو شوێنه‌كه و وێنه‌كان ببینێت.
دوای نزیكه‌ی 4 كاتژمێر مانه‌وه به‌و شێوه‌یه، پۆلیس هه‌ڵیكوتایه سه‌ر و له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كدا، چه‌كداره‌كه كوژرا و ئه‌و پۆلیسه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ بارمته‌كه گۆڕییه‌وه، برینداربوو، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌شی، ئه‌مڕۆ له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌مه‌ش ژماره‌ی كوژراوان له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی دوێنێ، وه‌ك جیرار كۆلم، وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، گه‌یشته چوار كه‌س.
به‌رپرسانی باڵای فه‌ره‌نسا رایانگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی دوێنێ تیرۆریستییه و رایگه‌یاندنه‌كانیش ئاماژه‌یان به قسه‌كانی چه‌كداره‌كه ده‌كرد، گوایه ئه‌ندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعشه.
ا. م