سەرۆکی پارتی چەپی سوید: توركیا به‌ره‌و دیكتاتۆری ده‌چێت

"ئەردۆغان بەرگەی نەگرت ئەو راستیە ببینێ"

K24 - ستۆكۆڵم

یوناس خوێس تێد، سەرۆکی پارتی چەپی سویدی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند: "تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەچێت و پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا ئیدانەی کردەوەکانی بکەن و سزای ئابووری بخەنە سەر و رایبگرن. ئەردۆغان، بە بەکارھێنانی چەکدارە جیھادییەکان، کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی لە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی عەفرین ئەنجامداوە".

یوناس خوێس تێد، گوتی: "بەدڵنیاییەوە نیگەرانین لەو دۆخەی، کە لە عەفرین روودەدات. پێمانوایە کە داگیرکارییەکانی تورکیا ھیچ پاساوێك ھەڵناگرن. ئێستا دەبینین کە ئەمە تەنیا داگیرکردن نییە بەڵکو کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل و پاکتاوی نەژادی سەدان ھەزار کەسە. دەبینین چۆن تورکیا جیھادیی و توندڕەوەکان بەکاردەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر خەڵکی عەفرین. نیگەرانین چونکە عەفرین بەشێکی ئارامی سووریا و ناوچەیەكە بوو، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی لەخۆی گرتبوو، کریستیان و موسڵمان و ئاین و نەتەوەکانی دیکە پێکەوە دەژیان".

گوتیشی: "ئێمە دەمانویست نموونەی عەفرین لەناوچەکەدا زیاد بکات، بەڵام ئەردۆغان بەرگەی نەگرت ئەو راستیە ببینێت و دەستدرێژی کردەسەر. ئێستا ئەردۆغان ھەڕەشە لە شوێنەکانی دیکەش دەکات لە رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستانیش. تاکە شتێك کە دەتوانێ رایبگرێت دونیای دەرەوەیە. دەبێ بە توندی ئیدانە بکرێت و گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر تورکیا و چەك بەو وڵاتە نەفرۆشرێت، چونکە تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەچێت ئەمەش مەترسیە بۆ ھەموو ناوچەکە".

ھ.م