لێدوانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی گۆڵەکەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس
کریستیانۆ رۆناڵدۆ: جوانترین گۆڵ بوو لە ژیانی وەرزشی خۆمدا تۆمارم کردبێت
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێیوایە ئەو گۆڵەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس تۆماریکرد، جوانترین گۆڵی کاروانی وەرزشی خۆیەتی و سووپاسی هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتالیشی کرد، کە لە کاتی یارییەکە چەپڵەیان بۆ لێدا.
دوای سەرکەوتنەکەیان بسەر یۆڤێنتۆس لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە ریال مەدرید بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کریستیانۆ لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یوێفا رایگەیاند، بێگومان هەموو خەڵک باسی گۆڵی دووەمم دەکەن، گۆڵێکی جوان بوو، لەوانەیە جوانترین گۆڵی کاروانی وەرزشی من بێت، پێشتر من بە لێدانی بایسکل (دەبل کیک) گۆڵم لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە، بەڵام ئەوکات بەر ستوون کەوت ئینجا چووە ناو گۆڵ، بۆیە وابزانم ئەمەیان جوانتر بوو، من دەمێکە هەوڵدەدەم گۆڵێکی لەمشێوەیە تۆمار بکەم، بەڵام هەمیشە لە هەوڵەکانم سەرکەوتوو نەدەبووم، لە هەوڵەکانم بەردەوام بووم تاکو ئەمڕۆ گۆڵێکی وام تۆمارکرد، بەڵام پێشبینیم نەدەکرد لە یارییەکی وا ئەم جۆرە گۆڵە بکەم'.
هەروەها کریس لەبارەی هاندەرانی یۆڤێنتۆس کە لە دوای گۆڵی دووەمی هەڵسانەوە سەرپێ و چەپڵەیان بۆ کریستیانۆ لێدا، سووپاسی هاندەرانی یانە ئیتالییەکەی کرد و گوتی 'من ئەمە یەکەمجارە رووداوێکی واببینم سووپاسی هاندەرانی یۆڤێنتۆس دەکەم، زۆر دڵخۆش بووم چونکە چەندان ئەستێرەی گەورە لە یاریگەی یۆڤێنتۆس یارییان کردووە'.