یانه‌ی داڵكورد زه‌نگی مه‌ترسی بۆ یانه‌كانی خولی نایابی سویدی لێدا
داڵكورد سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له دژی یه‌كێك له باشترین یانه‌كانی سوید تۆمار كرد

یانه‌ی داڵكورد یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له مێژووی خولی نایابی سویدی تۆمار كرد، كاتێك به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به یانه‌ی ئۆسته‌ر سۆند هێنا و زه‌نگی مه‌ترسی بۆ یانه به‌شداربووه‌كانی خوله‌كه لێدا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 8 نیسانی 2018، له گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی سویدی یانه‌ی داڵكورد له نێو یاریگه‌ی ئالسڤێنسکانى تایبه‌ت به‌خۆی بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خۆیدا میوانداریی یانه‌یه‌كی خولی نایابی سویدی كرد كه ئه‌ویش یانه‌ی ئۆسته‌ر سۆنده كه كه ئه‌م وه‌رزه ئه‌و یانه‌یه له یۆرۆپالیگ له‌سه‌رده‌ستی ئارسێناڵ ماڵئاوایی كرد.
یانه‌ی داڵكورد له گێمی یه‌كه‌م له رێگه‌ی محه‌مه‌د تۆرای یاریزانی سیرالیۆنی پێشكه‌وت، دواتر له خوله‌كی 55ـی گێمی دووه‌م ئۆلیڤه‌ر بێرگی یاریزانی به ره‌سه‌ن نه‌رویجی گۆڵی دووه‌می بۆ داڵكورد زیاد كرد.
له خوله‌كی 84ـی یارییه‌كه جارێكی دیكه محه‌مه‌د تۆرای گه‌ڕایه‌وه و گۆڵی دووه‌می خۆی له یارییه‌كه و سێیه‌می داڵكوردی له دژی ئۆسته‌ر سۆند تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به 3 گۆڵی خاوێن به‌سوودی یانه كوردییه‌كه ته‌واو بوو.
یانه‌ی داڵكورد به‌م بردنه‌وه‌یه به 3 خاڵ بۆ خانه‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی سویدی هه‌ڵكشا، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووش له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته میوانی یانه‌ی هاكن.
