ڤینگه‌ر: وازهێنانم له ئارسێناڵ له‌سه‌ر خواستی خۆم نه‌بووه
دواجار ڤینگه‌ر راستییه‌كه‌ی ئاشكرا كرد
.jpg)
ئارسن ڤینگه‌ر راهێنه‌ری ئارسێناڵ له باره‌ی یاری چوونی قۆناخی پێشكۆتایی یۆرۆپالیگ كه بڕیاره سبه‌ی رووبه‌ڕووی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ببنه‌وه، چه‌ند زانیارییه‌كی خسته ڕوو، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه به خواستی خۆی بڕیاری جێهێشتنی ئارسێناڵی نه‌داوه.
ئارسن ڤینگه‌ر به‌م شێوه‌یه له باره‌ی چه‌ند پرسێكی جیاواز بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی:
"ئێمه ته‌نیا بیر له یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه زۆرترین گرنگی هه‌یه، ئاتڵێتیكۆ مه‌درید تیپێكی تا بڵێی به‌هێزه، ئێستا ئه‌وان دووه‌م باشترین تیپی ئیسپانیان، به‌تایبه‌ت هیچ خاڵێكی لاوازیان له به‌رگری نییه.
من بۆ زیاتر له200 یاری له ئه‌ورووپا راهێنه‌رایه‌تی ئارسێناڵم كردووه سه‌خته بتوانم باشترین یاری خۆمان ده‌ستنیشان بكه‌م، ره‌نگه سه‌ركه‌وتنه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید باشترین بێت كه ئه‌و كاته خاوه‌نی لویس فیگۆ و زیدان و بێكهام و رۆناڵدۆ بوون.
هێنریك مختاریان هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ئه‌لنێنی تا كۆتایی وه‌رز له پشوو ده‌بێت، به‌ڵام له مۆندیال یاریی بۆ میسر ده‌كات.
راشكاوانه بڵێم هیچ پلانێكم بۆ داهاتوو نییه و نامه‌وێت له‌مباره‌یه‌وه قسه بكه‌م، ناشزانم ئێنریكی ده‌بێته راهێنه‌ر یان نا، به‌ڵام له‌توانایدایه سه‌ركردایه‌تی ئارسێناڵ بكات، ئه‌گه‌ر یاریزانێك یان دووان له‌سه‌ر ئه‌م پێكهاته‌یه زیاد بكه‌ن دڵنیام بۆ وه‌رزی داهاتوو ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوی پرێمه‌رلیگ ده‌كه‌ن، به‌ڵێ كاتی رۆیشتنشم له ئارسێناڵ به بڕیاری خۆم نییه و بڕیاری كارگێریه.