محەمەد سەڵاح ناچێتە ریال مەدرید

هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدریددا نییە

محەمەد سەڵاح لە لیڤەرپوول دەمێنێتەوە و ناچێتە ریزەکانی ریال مەدرید.

کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی بەهیچ شێوەیەک ریال مەدرید لەگەڵ لیڤەرپوول لەبارەی کڕینی محەمەد سەڵاح دەستی بە گفتوگۆکردن نەکردووە، کە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە ریال مەدرید ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ئۆفەرێک بەب بڕی 200 ملیۆن پاوەند پێشکەشی لیڤەرپوول بکات بۆ کڕینی سەڵاح.

محەمەد سەڵاح کە هاوینی رابردوو بەرامبەر 34 ملیۆن پاوەند لە رۆماوە گواسترایەوە ریزەکانی لیڤەرپوول، لەم وەرزە لە کۆی 47 یاری 43 گۆڵی تۆمارکردووە و لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا زۆرترین گۆڵی کردووە و سەرەتای ئەم مانگە یۆرگن کلۆپی بەڕێوەبەری هونەری یانەی لیڤەرپوول دووپاتیکردەوە ئەو سەڵاح باش دەناسێت و دڵنیایە لەوەی ئەو هێرشبەرە میسرییە لە رێدز دەمێنێتەوە.

محەمەد سەڵاح چوار ساڵ لە گرێبەستەکەی لە لیڤەرپوول ماوە و لەگەڵ رێدز دوای بردنەوە گەورەکەیان بەسەر رۆما نزیکە بگاتە فایناڵی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و هێرشبەرە میسرییەکە بە تۆمارکردنی 31 گۆڵ لەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیکە خەڵاتی پێڵاوی زێڕینیش بەدەست بهێنێت.