هاینکس هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات و باسی دۆخێ یاریزانە پێکراوەکانی یانەکەشی دەکات

داڤید ئالابا بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە دەبێت

یۆپ هاینکس پێش یاریی سێشەممە بەرامبەر ریال مەدرید هەڕەشە لە یانە ئیسپانییەکە دەکات و باسی دۆخی یاریزانە پێکراوەکانی یانەکەشی دەکات.

یۆپ هاینکسی راهێنەری بایرن میونشنی ئەڵمانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی یاریی سبەی یانەکەی بەرامبەر ئینتراخت فڕانکفۆرت، کە وابڕیارە سبەی شەممە کاتژمێر 16:30 لە گەڕی 32ی بۆندزلیگا بەڕێوە بچیت، رایگەیاند ئەوان رۆژی سیشەممەی داهاتوو کاردانەوەیەکی گونجاویان بەرامبەر ریال مەدرید دەبێت، کە لە یاریی چوون لە ئەڵمانیا 1-2 دۆڕان.

یۆپ هاینکس، راهێنەری بایرن میونشنی ئەڵمانی

'ئێمە دەمانەوێت لە سەرجەم یارییەکانی بۆندزلیگا سەرکەوتن بەدەست بهێنین، بۆیە لەم یارییە بۆ سەرکەوتن یاریی دەکەین، داڤید ئالابا لەم یارییە بەشداریی ناکات، بەڵام بۆ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە دەبێت، خاڤی مارتینێز سبەی دەست بە راهێنان دەکاتەوە، بەڵام هێشتا دەبێت چاوەڕیی ئاریێن رۆبن بکەین، هەردووکیان بەشداریی یارییەکەی ئێنتراخت فڕانکفۆرت ناکەن.
ئێمە بەهۆی دۆڕناکەمان بەرامبەر ریال مەدرید دڵتەنگ بووین، بەڵام لە دوایین راهێنانمان هەموو شتێکمان لەبیر کرد و ئێستا دۆخی یاریزانەکان زۆر باشە، کاتێک یارییەکەم بۆ یاریزانەکان شرۆڤەکرد، پێمگوتن یاریزانی پیشەگەر و پڕۆفیشنال هەمیشە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ شکست بکات و چۆن بگەڕێتەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، من تیپەکەم باش دەناسم، سێشەممەی داهاتوو کاردانەوەیەکی گونجاومان بەرامبەر ریال مەدرید دەبێت.
من ئەمڕۆ زۆر قسەم لەگەڵ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کرد، دڵنیام ئەو لە یاریی سیشەممە لەناو یاریگە وەڵامی هەموو رەخنەکان دەداتەوە، هەرچەندە من لەگەڵ رەخنەکان نیم بەڵام ئەگەر لیڤاندۆڤسکی ئەو هەڵەی گۆڵکردبا لە خولەکی 88، ئەوا ئێستا بە شێوەیەکی دیکە باسییان دەکرد. ئێمە سێشەممە هیچ دیارییەک پیشکەشی ریال مەدرید ناکەین، وەکو ئەوەی چوارشەممە کردمان. باوەڕ ناکەم جیرۆم بواتینگ نەتوانێت بۆ مۆندیال ئامادە بێت، دڵنیام دەتوانێت یاریی بکات.'