ریال مەدرید بۆچی ئامادە نییە رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا دروست بکات؟

دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا بەبۆنەی بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا رێڕەوی رێزلێنانی بۆ بارسێلۆنا کرد

پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان، کاتێک میوانداریی بارسێلۆنایان کرد گەرچی هێشتا نازناوی لالیگایان یەکلانەکردبووەوە، بەڵام بەبۆنەی بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا یاریزانانی دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا رێڕەوی رێزلێنانیان بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا دروستکرد، بەڵام ریال مەدرید ئامادە نییە یەکشەممەی داهاتوو رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنای پاڵەوانی لالیگا دروست بکا.ت، کاتێک لە گەڕی سی و شەشەمینی لالیگا لە یاریی کلاسیکۆ لە کامپ نوو دەبێتە میوانی بارسێلۆنا.
دوای ئەوەی زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید رەتیکردەوە ئامادەبن رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا دروست بکەن، کەتەلۆنییەکان بێهیوا بوون، بەڵام ئەمجارەیان بیرۆکەیەکی دیکەیان هەیە و داوا دەکەن یاریزانانی ریال مەدرید رێرەوی رێزلێنان بۆ ئینیێستا دروست بکەن، جگە لەوەی ئینیێستا ئەم بیرۆکەیەی رەتکردەوە، سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی ریال مەدریدیش دووپاتیکردەوە لە یاریی کلاسیکۆ هیچ رێڕەوێکی رێزلێنان دروست ناکەن.


ریال مەدرید بەهۆی رەتکردنەوەی دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا رەخنەیەکی زۆری لێگرا، تەنانەت خۆردی ئالبای بەرگریکاری بارسێلۆنا دوای ئەوەی نازناوی لالیگایان یەکلاکردەوە رایگەیاند، یاریزانانی ریال مەدرید بە بڕیاری سەرووی خۆیان کە مەبەستی حکوومەتی ئیسپانیا بوو، ئامادە نین رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا دروست بکەن.
هەر کاتێک پێش کلاسیکۆ یەکێکیان نازناوێک بەدەست بهێنن، بابەتی رێڕەوی رێزلێنان دێتە بەرباس، رەتکردنەوەی رێڕەوی رێزلێنان لەلایەن ریال مەدریدەوە دوای ئەوە هات، سەرەتای ئەم وەرزە پێش جامی سوپەری ئیسپانیا ریال مەدرید جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، بەڵام بلاوگرانا رەتیکردەوە رێڕەوی رێزلێنان بۆ مەدریدییەکان دروست بکات.