مارسیلۆ: ناتوانم درۆ بکەم تۆپەکە بەر دەستم کەوت و لێدانی سزا بوو

کاردانەوەی یاریزانانی ریال مەدرید دوای سەرکەوتنیان بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

دوای یارییەکە مارسیلۆ دانی بەوە دانا لە یارییەکە تۆپی بەر دەست کەوت و ناوبژیوان لێدانی سزای دروستی بۆ بایرن میونشن هەژمار نەکرد، کەیلۆر ناڤاسیش کە لە یارییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بووە یەکەم گۆڵپارێزی ریال مەدرید لە یارییەکی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرپەرچی هەشت هێرش بداتەوە دووپاتیکردەوە ئەگەر بە دەستی ئەو بێت تاهەتایە لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە و تۆنی کرووسیش گوتی، لە هەردوو یاریی خراپ یاریمان کرد بەڵام بێ ویژدانانە هەڵەکانی بایرن میونشنمان قۆستەوە.

مارسیلۆ، بەرگریکاری ریال مەدرید
بەڵێ تۆپەکە بەر دەستم کەوت و ناوبژیوان دەیتوانی لێدانی سزا هەژمار بکات، چونکە لە ناوچەی سزا تۆپەکە بەردەستم کەوت، بەڵام وەکو هەمیشە دەێلێمەوە من نامەوێت زۆر قسە لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان بکەم، بەتایبەتی ئەو کاتانەی بڕیارەکانیان دژی ئێمەیە، بۆیە ئەمڕۆش بەهەمان شێوە نامەوێت قسە لەبارەی ناوبژیوان بکەم. خۆتان دەزانن لەم رۆژانەدا زۆرتین قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە دەکرێت، بەڵام من نەهاتوومەتە ئێرە تاکو باسی شکستی ناوبژیوان یان هەر شتێکی دیکەتان بۆ بکەم، ئەرکی ناوبژیوان لە یارییەکە سەخت بوو، چونکە ئەو یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕێوە دەبات، ئەمەش بۆ کارێکی زۆر سەختە.

 

کەیلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی ریال مەدرید
من زۆر دڵخۆشم، چونکە یارییەکی سەختمان ئەنجام دا و بایرن میونشن هەموو شتێکی کرد بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام ئێمە بە پشتیوانی هاندەرانمان توانیمان بۆ سێیەم وەرز لەسەر یەک سەربکەوین بگەینە فایناڵ،
من هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گۆڵی ریال مەدرید بکەم، ئەمشەو ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ گۆڵپارێزێکی نوێ واژوو کردبوو، چونکە من قژم بڕیبوو.
زۆر سووپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە هەمیشە پێیوانوایە من شایستەی ئەوەم گۆڵپارێزی ریال مەدرید بم، من کاتی ئەوەم نییە وەڵامی رەخنەکان بدەمەوە و خێزانەکەم لە ماڵەوە چاوەڕێم دەکەن، بەڵام ئەگەر بە دەستی من بێت تاهەتایە گرێبەستەکەم لەگەڵ ریال مەدرید نوێدەکەمەوە و هەر لێرەش واز لە یاریکردن دەهێنم.

 

تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری ریال مەدرید
ئێمە لە هەردوو یاریی زۆر خراپ یاریمان کرد، بەڵام ئێمە بێ ویژدانانە هەڵەکانی بایرن میونشنمان قۆستەوە و توانیمان سەربکەوین، لە تۆپی پێش ئەنجام شەرتە، ئێمە سێیەم وەرزە لەسەر یەک دەگەینە فایناڵ و هەلی ئەوەمان هەیە لە دوایین پێنج وەرز چوارەم نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنین.
ئەمشەو کەریم بێنزێما ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، جگە لە دوو گۆڵەکەی، هاوکاری ئێمەشی دەکرد، لەم یارییە بە بەراورد بە یاریی هەفتەی رابردوو ئاستمان باشتر بوو، بەڵام بایرن زۆر مەترسیداربوو.