خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرینی تێپه‌ڕ كرد
ئه‌نجامه‌كانی ئه‌مڕۆ گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له ریزبه‌ندی خوله‌كه دروست كرد

له گه‌ڕی پازده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان 4 یاری به‌ڕێوه‌چوون، له‌م هه‌فته‌یه‌دا یانه‌ی برایه‌تی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی به یانه‌ی هه‌ندرێن چۆل كرد، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش مه‌ترسی دابه‌زینی كه‌وته سه‌ر.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (0 ـ 2) برایه‌تی
یانه‌ی برایه‌تی له‌م یارییه‌دا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری به هه‌مان ده‌ردی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م برد و به 2 گۆڵی خاوێن له به‌رزاییه‌كانی پیرمامه‌وه به 3 خاڵ به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت هاته خواره‌وه.
له گێمی یه‌كه‌م به‌رهه‌م عه‌لی گۆڵێكی به‌هه‌ڵه له‌خۆیان تۆمار كرد و یانه‌ی برایه‌تی كرده خاوه‌نی یه‌كه‌مین گۆڵی یارییه‌كه، له گێمی دووه‌میش به‌مۆ غه‌ریب گۆڵی دووه‌می بۆ برایه‌تی زیاد كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی بۆ برایه‌تی ده‌ستخست، له‌م یارییه‌دا عومه‌ر بیبۆ بۆ دووه‌مجار له‌م وه‌رزه لێدانی پێناڵتی له‌ده‌ستدا.
برایه‌تی به 25 خاڵ لوتكه‌ی ریزبه‌ندی خولی نایابی به یانه‌ی هه‌ندرێن چۆل كرد، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به 13 خاڵ بۆ خانه‌ی حه‌وته‌م دابه‌زی و مه‌ترسی ماڵئاواییكردنی له خوله‌كه كه‌وته سه‌ر.
ئارارات (1 ـ 3) زێرڤانی
زێره‌ڤانی تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌می له یانه‌ی ئارارات كرده‌وه و كاتێك به 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك شكستی به ئارارات هێنا، سه‌ره‌تا یانه‌ی زێره‌ڤانی له رێگه‌ی یاریزانی پیشه‌گه‌ری به‌رازیلی تیاگۆ ئامارال شریتی گۆڵه‌كانی بڕی، دواتر سه‌رنگه‌ر محه‌مه‌د ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ئارارات یه‌كسان كرده‌وه.
له گێمی دووه‌م رووداوه گه‌وره‌كه روویدا، كاتێك (تیاگۆ ئامارال) دووباره به تۆماركردنی خۆی یانه‌كه‌ی پێشخسته‌وه، پاشان له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه (ئه‌یوب ئه‌یاد) هێرشبه‌ری دێرینی یانه‌ی زێره‌ڤانی گۆڵی سێیه‌می یانه‌كه‌ی تۆمار كرد و به‌ته‌واوه‌تی یانه‌كه‌ی پیرمامی بێهیوا كرد.
زێره‌ڤانی به 22 خاڵ بۆ خانه‌ی سێیه‌م هه‌ڵكشا، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئارارات به 20 خاڵ بۆ خانه‌ی چواره‌م دابه‌زی و تاڕاده‌یه‌ك له ململانێكردنی ناسناوی خولی نایاب دووركه‌وته‌وه.
هه‌ولێر (0 ـ 0) نه‌ورۆز
ئه‌م یارییه به هه‌مان سیناریۆی قۆناخی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون كۆتایی هات، له‌م یارییه‌دا عه‌لی وه‌هاب راهێنه‌ره عه‌ره‌به‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه‌ی یاریگه و یانه‌ی هه‌ولێر به‌م ئه‌نجامه هیچ هیوایه‌كی بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه نه‌ماوه، جیا له‌وه‌ش له‌م یارییه‌دا یوونس شوكر هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر به‌هۆی پێكانێكی سه‌خته‌وه یاریگه‌ی جێهێشت.
یانه‌ی هه‌ولێر به 18 خاڵ له پله‌ی پێنجه‌م جێگیر بوو، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆز به 11 خاڵ له خانه‌ی كۆتایی خوله‌كه مایه‌وه.
زاخۆ (1 ـ 0) شێروانه
یانه‌ی زاخۆ له خوله‌كی 17 به گۆڵێكی دلێر ته‌یار پێشكه‌وت و یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به‌م تاكه گۆڵه له سوودی یانه‌ی زاخۆ مایه‌وه.
به‌م ئه‌نجامه یانه‌ی زاخۆ به 15 خاڵ بۆ خانه‌ی شه‌شه‌م هه‌ڵكشا و خۆی له مه‌ترسی دابه‌زین دوورخسته‌وه، له به‌رامبه‌ردا شێروانه به 12 خاڵ بۆ خانه‌ی هه‌شته‌م دابه‌زی و هه‌ڕه‌شه‌ی ماڵئاواییكردنی له خوله‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر.