لەبەر پێنج هۆکار کلاسیکۆی ئەمشەو گرنگ دەبێت

کلاسیکۆ: بارسێلۆنا - ریال مەدرید 21:45

گەرچی کلاسیکۆی ئەمشەو کاریگەرییەکی زۆر لەسەر رکابەری ئەم وەرزەی لالیگا ناکات و بارسێلۆنا پێشتر نازناوەکەی یەکلاکردووەتەوە و ریال مەدریدیش لە نازناوەکە بێهیوابووە، بەڵام لەبەر پێنج هۆکار و حیساباتی تایبەت پێشبینی دەکرێت کلاسیکۆی ئەمشەو پڕ رکابەری بێت و هیچی لە کلاسیکۆیەکانی دیکە کەمتر نەبێت، تەنانەت پێشبینی دەکرێت نزیکەی سێ بەشی جیهان ئەمشەو سەیری یارییەکە بکات، کە کاتژمێر 21:45 بە کاتی هەولێر بەڕێوە دەچێت.

1- دووەم سەرکەوتن لە وەرزێک

بارسێلۆنا دوای بردنەوەی کلاسیکۆی یەکەم بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دەیەوێت ئەمشەو لە کامپ نوو دووەم سەرکەوتن لەسەر یەک لە کلاسیکۆ بەدەس بهێنێت، کە لەوەتەی وەرزی 2013/2014 بارسێلۆنا نەیتوانیوە دوو کلاسیکۆ لە وەرزێک لە ریال مەدرید بباتەوە

2- نازناوێکی بێ دۆڕان

بارسێلۆنا 41 یارییە لەسەر یەک لە لالیگا نەدۆڕاوە و ریکۆردی لە زۆرترین یاریی بەبێ دۆڕان لە مێژووی لالیگا تۆمارکردووە، کە ریال سۆسیداد پێشتر 38 یاریی لەسەر یەکی لە لالیگا بەبێ دۆڕان تێپەڕکردبوو، بەڵام بارسێلۆنا دەیەوێت جگە لە درێژەپێدانی ریکۆردەکەی ریکۆردێکی دیکەش تۆمار بکات و نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا کە پێشوەختە یەکلای کردووەتەوە، بەبێ هیچ شکتێک بەرزی بکاتەوە، کە چوار گەڕ ماوە و لە مێژوودا تەنیا حەوت یانە توانیویانە بەبێ شکست ببنە پاڵەوانی خولێکی بەهێزی ئەوروپی، بەڵام تاکو ئێستا بارسێلۆنا نەیتوانیوە بەبێ دۆڕان ببێتە پاڵەوانی لالیگا.

3- مێسی گرێکوێرەکەی دەکاتەوە

لیۆنێل مێسی دەیەوێت ئەمشەو رۆژووەکەی بشکێنێت، کە لە دوایین چوار کلاسیکۆ لە کامپ نوو نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات و ئەمشەو دەیەوێت بە تۆمارکردنی گۆڵ چانسی خۆی بۆ بەدەستهێنانی پێڵاوی زێڕینی ئەم وەرزەش زیاتر بکات، کە بە 32 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە و گۆڵێک لە پێشەوەی محەمەد سەڵاحیشە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین و ئەمشەو هەردوو یاریزان یارییان هەیە و کێبڕکێی یەکتری دەکەن.

4- یارییەک لەپێناوی شەرەف

ریال مەدرید کە ئێستا بە جیاوازیی 15 خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنا دێت، ئەمشەو دەیەوێت جیاوازیی نێوانیان نەبێتە 18 خاڵ و بارسای رکابەری ئەوەندەی دیکە لێی دوورنەکەوێتەوە و ئەمشەو بە بردنەوەی لە بارسێلۆنا قەرەبووی وەرزە خراپەکەی لە لالیگا بۆ هاندەرانی بکاتەوە و تۆڵەی شکستەکەی لە کلاسیکۆی یەکەمیش بکاتەوە.

5- دوایین کلاسیکۆی ئینیێستا

ئاندرێس ئینیێستا دوایین کلاسیکۆ ئەنجام دەدات و پێشبینی دەکرێت رێزێکی تایبەتی لێبنرێت، کە تاکو ئێستا 37 یاریی کلاسیکۆی ئەنجام داوە و لەوانەیە ئەمشەو گاریس بەیلیش دوایین کلاسیکۆ بکات و میدیاکانی ئێسپانیا پێیانوایە ئەم وەرزە دوایین وەرزی یاریزانە وێلزییەکەیە لەگەڵ ریال مەدرید.