لە کلاسیکۆی ئەمجارەش ریال مەدرید بە 10 یاریزان یارییەکە تەواو دەکات؟
لە دوایین 7 کلاسیکۆ ریال مەدرید 5 کارتی سووری بەڕوودا بەرزکراوەتەوە
ریال مەدرید لە کلاسیکۆیەکانی ئەمدواییەی بە دەردی وەرگرتنی کارتی سوور دەناڵێنێت و زینەدین زیدان ترسی هەیە ئەمشەویش بە 10 یاریزان یارییەکە تەواو بکات.
ریال مەدرید لە دوایین 7 کلاسیکۆ تەنیا لە دوو یاریی بە تەواوی یاریزانەکانی یارییەکانی دژی بارسێلۆنا تەواوکردووە، ئەگینا لە 5 یاری بەهۆی کرانە دەرەوەی یاریزانەکانی بە کارتی سوور ناچاربووە بە 10 یاریزان درێژە بە یاریکردن بدات، کە ئەم وەرزە لە یاریی چوونی لالیگا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دانی کارڤاخال بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیاش کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرایە دەرەوە.
سێرخیۆ رامۆس وەرزی رابردوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کاتێک بارسێلۆنا بە گۆڵێکی مێسی لە دوایین ساتەکان 3-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و رامۆس لە مێژووی یارییەکانی کلاسیکۆ پێنج جار بە کارتی سوور کراوەتەوە دەرەوە و لە وەرگرتنی کارتی سوور لە مێژووی کلاسیکۆ ریکۆردی شکاندووە.
وەرگرتنی کارتی سوور لەلایەن یاریزانەکانی ریال مەدرید لە سەردەمی خۆزێ مۆرینهۆ زیاتر بوون، تەنانەت ریال مەدرید لە دوایین 19 کلاسیکۆ 14 یاریزانی بە کارتی سوور کراونەتە دەرەوە.