ئهو ئامارانهی شهڕی ئهمشهوی كلاسیكۆ گهرمتر دهكهن
ئهمشهو كلاسیكۆی زهوی بهڕێوه دهچێت
ئامادهكردنی: سەردار جەبار
ئەمشەو کاتژمێر 9:45 خولەکی شەو بەکاتی باشووری کوردستان یاریگای کامپ نۆ لە هەرێمی کەتەلۆنیا دهبێته شانۆیهك بۆ نماییشی ڕکابەری نێوان دوو زلهێزی جیهان دوو پڕ هاندەرترین یانە لەسەرانسەری دنیا، بارسێلۆنای پاڵەوانی لالیگا و ڕیال مەدریدی هەڵگری زۆرترین ناسناوی خولەکە.
مێرێنگێ بۆ تۆڵە دەگەڕێت و بارساش بۆ دەوڵەمەندکردنی خەرمانەکەی و لەباوەش گرتنی ناسناوەکە بەبێ دۆڕان، بەر لەم یارییە سپی پۆشەکانی مەدرید لەپلەی سێیەمی خولەکە دێن و چاوەڕێی ڕۆژی 26ـی ئەم مانگە دەکەن تا لە کێڤی پایتەختی ئۆکڕانیا بەسەر پشتی لێڤەرپووڵی ئینگلیزی بۆ سێیەم جار لەسەر یەک و سیانزەهەمین جار لەمێژوویاندا ناسناوی چامپیۆنز لیگ ببەنە مۆزەخانەکەیان.
بارسێلۆناش دوای بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا و یەکلایکردنەوەی ناسناوی لالیگا دەیەوێت سنوورێک بۆ کەتیبەکەی زیدان دابنێت و لەنێو کامپ نۆ لەدوای سێ ساڵ دووبارە بە بردنەوە ئاشت ببێتەوە.
بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانەیە دەیان داتا و ئاماری لەخۆگرتووە لە چەند خاڵێکدا چڕیان دەکەینەوە.
۱ـ ڕیال مەدرید هەڵگری ٨٨ ناسناوە لەسەرجەم پاڵەوانەتیەکاندا، لەبەرامبەردا بارسێلۆنا خاوەنی ٨۹ ناسناوە.
۲ـ ئەمە کلاسیکۆی ژمارە ۳٦ـة لەودەمەی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ڕیال مەدریدە تێیدا مێرێنگێ ۱٤ یاری براوەبووە و ۱۲ یاری یەکسان بووە و ۱٨ یاری دۆڕاندووە .
۳ـ سێرخیۆ ڕامۆسی بەرگریکاری ڕیال ٥ جار بەکارتی سوور دەرکراوە لە کلاسیکۆدا.
٤ـ کایلۆر ناڤاس ۲۲ جار تۆڕەکەی هەژێنراوە بەقاچی یاریزانانی بلوگرانا لە۱۰ یاریدا
٥ـ چوارده ساڵە ئێلـ کلاسیکۆ بە ئەنجامێکی سپی کۆتایی نەهاتووە.
٦ـ ڕامۆس زۆرترین جار تامی دۆڕانی کلاسیکۆی کردووە کە ۱۷ جارە.
۷ـ بارسا ۱٦ یاری براوەبووە لەدوا ۳۳ کلاسیکۆدا مێرێنگێ ۱۰ یاری و ۷ جاری یەکسانبوون ناونشانی کۆتایی بووە .
٨ـ ڕیال مەدرید ۹٥ یاری بردۆتەوە لەسەرجەم پاڵەوانەتیەکاندا و بارسا ۹۲ جار براوەبووە و ٤۹ جاریش یەکسانبوونە .
۹ـ ڕیال مەدرید ۳۹۹ جار تۆڕی بارسای هەژاندووە و ۳٨٤ جار تۆڕەکەی هەژێندراوە
۱۰ـ مێسی گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆیە بە تۆمارکردنی ۲٥ گۆڵ.
۱۱ـ لیۆ ۳۷ جار بەشداری ئێلـ کلاسیکۆی کردووە ۱۷ یاری بردنەوە بۆ یانەکەی بووە و ۱۲ یاری دۆڕاندن و ٨ جار یەکسانبوون .
۱۲ـڕۆناڵدۆی ئەستێرەی قەڵای سپی ۱۷ جار تۆڕی بلوگرانای هەژاندووە تێیدا ۱۱ جار لەنێو کامپ نۆ بووە.
۱۳ـ گەورەترین یاریزان کە لەکلاسیکۆدا گۆڵی تۆمارکردبێت دی ستیڤانۆی ئەستێرەی پێشووی لۆس بلانکۆس بووە کاتێک لە ۳۷ ساڵیدا تۆڕی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیای هەژاندووە، ڕائول گۆنزالێزیش بچووکترین یاریزانبووە ئەویش لە۱٨ ساڵیدا تۆڕی بارسای هەژاندووە.
۱٤ـ مێرێنگێ ۲۳ جار بەپەناڵتی تۆپەکەی خستۆتە تۆڕی بارسا و لەبەرامبەردا ۱٦ جار تۆڕەکەی بەم شێوازە هەژێندراوە.
۱٥ـ گەورەترین بردنەوە لەکلاسیکۆدا بۆ ڕیال مەدریدە لەو دەمەی ۱۱ـ ۱ براوەبووە .
۱٦ـ ڕیال مەدرید شەش یاری لەسەر یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە لەساڵانی ۱۹٦۲ بۆ ۱۹٦٥.