پێنج یانە داوا دەکەن وەرزی داهاتوو سیستەمی ڤار لە چامپیۆنزلیگ بەکاربێت

ریال مەدرید بەشێک نییە لەو پێنج یانەیە

پێنج یانەی ئەوروپی داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەکەن وەرزی داهاتوو سیستەمی ناوبژیوانی ڤیدیۆیی لە یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەکاربهێنرێت.
یانەکانی یۆڤێنتۆس و رۆمای ئیتالی و بارسێلۆنای ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فڕەنسی بەفەرمی نووسراوێکیان ئاڕاستەی یوێفا کردووە و تیایدا داوایان کردووە لە وەرزی داهاتووەوە سیستەمی ڤار لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەکاربێت، کە ئەم وەرزە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ رەخنەیەکی زۆر لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان گیرا و بەشێک لە یانەکان بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانانەوە ماڵئاواییان لە خولەکە کرد.
ناوی ریال مەدرید لەو یانانە نییە کە داوای بەکارهێنانی ناوبژیوانی ڤیدیۆییان لە یوێفا کردبێت و نازانرێت هەڵوێستی ریال مەدرید لەمبارەیەوە چییە، کە فیفا بڕیاری داوە لە یارییەکانی مۆندیالی رووسیا سیستەمی ڤار بەکاربهێنرێت و لە وەرزی داهاتوو لە لالیگاش بەکار دێت، بەڵام زۆربەی یانەکانی پرێمەرلیگ رەتیانکردەوە سیستەمی ڤار لە خولەکەیان بەکاربهێنرێت.