نوێترین زانیاری لەبارەی چوونی ئانتوان گریزمان بۆ بارسێلۆنا

بارسێلۆنا دەیەوێت 100 ملیۆن یۆرۆ وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گریزمان بدات

لە ئێستاوە دەنگۆی گواستنەوەی ئانتوان گریزمان لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بۆ بارسێلۆنا گەرم بووە، دوای ئەوەی بارتۆمیۆ باسی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی گریزمان کرد، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە تووندی رەخنەی لە بلاوگرانا کرد و هەڕەشەی بەرزکردنەوەی داوای یاسایی لەسەر یانەکە کرد و بە گوێرەی دوایین هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا ئاتلێتیکۆ مەدرید ئۆفەرێکی گرانبەهای پێشکەشی گریزمان کردووە و بارسێلۆناش دەیەوێت نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی هێرشبەرە فڕەنسییەکە بدات

پێدەچێت گواستنەوەی ئانتوان گریزمان لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بۆ بارسێلۆنا بەهێزترین و دیارترین زنجیرە درامای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینە بێت، پێش ئەوەی یارییەکانی ئەم وەرزە کۆتایی بێت، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستیان بە زنجیرە درامایەکە کردووە، بارسێلۆنا ئامانجی ئەوەیە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2018 گرێبەستەکە رابگەیەنێت، ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە سەرەتاوە نایەوێت تەسلیم بێت و رەتیدەکاتەوە بەنیاز بێت گریزمان بفرۆشێت.

وەکو هەنگاوی یەکەم جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی بارسێلۆنا بەفەرمی داوای کڕینی گریزمانی لە ئێنریکی سێریزۆی سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، بەڵام سەرۆکی یانە مەدریدییەکە رەتیکردووەتەوە نیازی فرۆشتنی گریزمانیان هەبێت، بۆیە بارسێلۆنا بەنیازە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی گریزمان بدات کە 100 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بە گوێرەی بەندەکانی گرێبەستەکەی گریزمان تاکو مانگی یۆلیۆ نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی گریزمان 200 ملیۆن یۆرۆیە و دواتر دەبێتە 100 ملیۆن یۆرۆ، بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش پێیانوایە گفتوگۆکانی بارسا و گریزمان دەمێکە دەستیان پێکردووە و دەمێکە هەردوولا رێککەوتوون، بۆیە ئاتلێتی داوای 200 ملیۆن یۆرۆ دەکات وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی گریزمان.

بەرامبەر هەوڵەکانی بارسا بۆ رفاندنی گریزمان، گەرچی بەگوێرەی سەرچاوەکانی رادیۆی کادێنا سێر بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مانەوەی گریزمان بێهیوابووینە، بەڵام ئۆفەرێکی گرانبەهاتر لە ئۆفەرەکەی بارسێلۆنایان پێشکەشی هێرشبەرەکەیان کردووە و گوتەبێژی یانەکەش رەخنە لە هەڵسوکەوتەکانی بارسا دەگرێت و پێیوایە لەم ساتانەدا هەوڵەکانی بارسا بۆ کڕینی گریزمان بێرێزییە بەرامبەر یانەکەیان و جیل مارتینی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکەش داوای قەرەبووکردنەوە لە بارسێلۆنا دەکات، چونکە ئاتلێتی لەم کاتانەدا ئامادەکاریی بۆ فایناڵی یۆرۆپالیگ دەکات.

رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا پێیانوایە هەموو شتێک یەکلابووەتەوە و گریزمان ئەم هاوینە بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە مووچەی ساڵانەی 15 ملیۆن یۆرۆ روودەکاتە کامپ نوو و وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 7ی بلاوگرانا دەپۆشێت، بەڵام ئێوارەی شەممە سێریزۆ و گریزمان کۆبوونەتەوە و ئاتلێتی دەیەوێت پارێزگاری لە یاریزانەکەی بکات.

گریزمان تاکو هایونی 2022 گرێبەستی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەیە، رۆخی بلانکۆس بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە سازش لەسەر فرۆشتنی هێرشبەرە فڕەنسییەکەی بکات، بارسێلۆناش دەیەوێت فایناڵی یۆرۆپالیگ لە رۆژی 16ی ئەم مانگە بکاتە دوایین یاریی گریزمان بە درێسی رۆخی بلانکۆس.