كۆمیسیۆن له‌سه‌ر كێشه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگدان روونكردنه‌وه ده‌دات
موعته‌مه‌د موسه‌وی: تیمه‌كانمان له‌سه‌رجه‌م بنكه‌كاندان
K24 - هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌باره‌ی كێشه‌ی چه‌ند ئامێریكی ده‌نگدانی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی ده‌نگدان له سه‌رانسه‌ر عێراق روونكردنه‌وه ده‌دات.
موعته‌مه‌د موسه‌وی، ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی روویانداوه زۆر كه‌من و به‌و شێوه‌یه نییه كه میدیاكان باسی ده‌كه‌ن. كۆمیسیۆن تیمی چاككردنه‌وه‌ی هه‌یه و له سه‌رجه‌م بنكه‌كانی ده‌نگداندا ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێرایی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن".
قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمیسیۆن له كاتیكدایه له چه‌ندین بنكه‌ی ده‌نگدانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كێشه له ئامێره‌كانی ده‌نگدان درووستبووه‌و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی له وێستگه و بنكه‌كان درووست ببێت.
یه‌كه‌مجاره هه‌ڵبژاردنی گشتی له عێراق به ئامێری ئه‌لیكترۆنی ئه‌نجام ده‌درێت و له ده‌نگدانی تایبه‌تیشدا رۆژی 10/5/2018 چه‌ندین گرفت هه‌بوون و ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌نگده‌ران نه‌یانتوانی له كاتی خۆیدا ده‌نگ بده‌ن.