سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز تانکەری نەوتی ئەلگایا بەر مینێک کەوت

سێنتکۆم: تانکەری ئەلگایا بە درۆنی ئێران پێکراوە نەک بە مینی دەریایی

دەستەی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران تەقینەوە و سووتانی تەواوەتیی تانکەری "ئەلگایا"ی بە مینی دەریایی لە گەرووی هورمز راگەیاند؛ لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵەکەی بە ناڕاست و هەڵبەستراو ناوبرد و ئاشکرای کرد ئێران خۆی بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکە.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران، تانکەری نەوتی "ئەلگایا"، لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە ناوچەیەکی قەدەخەکراودا لە باشووری گەرووی هورمز، بەر مینی دەریایی کەوتووە و تەقیوەتەوە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرجەم هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بێئاکام بوون و کەشتییەکە بە تەواوی سووتاوە، هاوکات کەشتییەکەی وەک "سوپەر تانکەر" ناوبردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشتر هۆشدارییان لەبارەی قەدەخەبوونی هاتوچۆ دابوو، دووپاتیشی کردەوە کە گەرووی هورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتیوانیدا داخراوە و لە ژێر کۆنترۆڵی ژیرانەی ئەواندایە.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو هەواڵەی سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە و گوایە تانکەرێکی هەڵگری ئاڵای پەنەما لە گەرووی هورمز بەر مینی دەریایی کەوتووە، تەواو ناڕاست و هەڵبەستراوە.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، ئەم بانگەشەیە تەنیا نموونەیەکی دیکەیە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە نێو کەشتییە بازرگانییەکان، بە مەبەستی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جووڵەی ئازادانەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

سێنتکۆم وردەکاریی راستەقینەی دۆخی کەشتییەکەی خستەڕوو و روونی کردەوە کە تانکەری "ئەلگایا" مانگی رابردوو بە مووشەکێکی ئێرانی پێکرابوو و بەهۆیەوە لە کار کەوتبوو. هاوکات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، لە کاتێکدا کەشتییە پەککەوتووەکە لە نێو ئاوەکانی کەناراوەکانی سەڵتەنەتی عومان وەستابوو، هێزەکانی ئێران جارێکی دیکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرشیان کردووەتەوە سەر.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە ئێستا کەشتییەکە لە لایەن هاوبەشێکی هەرێمییەوە بە راکێشان لە ناوچەکە دەگوازرێتەوە.

بەگوێرەی پێگە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانیی وەک "MarineTraffic" و "VesselFinder"  کەشتیی "ئەلگایا" بە هیچ شێوەیەک سوپەر تانکەری نەوتی خاو (VLCC) نییە، بەڵکو تانکەرێکی قەبارە مامناوەندە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە پاڵێوراوەکانی نەوت وەک دیزڵ، بەنزین یان سووتەمەنی کەشتی بە توانای گواستنەوەی 47 هەزار و 999 تۆن، کە لە ساڵی 2005 دروستکراوە و بە ئاڵای پەنەماوە هاتوچۆی دەکرد.

تۆمارەکانی رێڕەوی کەشتیوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم تانکەرە لە 5ـی ئەیلوول لە بەندەری سوحاری سەڵتەنەتی عومانەوە لەنگەری گرتبوو.