عه‌بادى: پێويسته‌ لايه‌نه‌كان رێز له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن بگرن

پێويسته‌ حكومه‌تێكى به‌هێز پێكبهێنرێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، رايگه‌ياند، پێويسته‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان رێز له‌ ئه‌نجامى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بگرن و پێويسته‌ حكومه‌تێكى به‌هێز پێكبهێنرێت.

ئه‌مڕۆ عه‌بادى، كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامدا و له‌و ميانه‌يه‌دا گوتى: "حكومه‌ت توانى به‌رپرسيارێتى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت".

داواشى له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كرد، "رێز له‌ ئه‌نجامى پرۆسه‌كه‌ بگرن، كه‌ له‌ لايه‌ن كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ راده‌گه‌يه‌نرێت".

عه‌بادى دووپاتيشيكرده‌وه‌، " له‌ پرسى پێكهێنانى حكومه‌تدا پێويسته‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بخرێته‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌ ".

ئاماده‌يشى ده‌ربڕى بۆ "پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێزى نيشتيمانى خاڵى له‌ گه‌نده‌ڵى و پشكپشكێنه‌ و ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى". 

هه‌روه‌ها گوتى:  "له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا، حكومه‌ته‌كه‌ى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ تێكشكاندنى داعش و ره‌واندنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دابه‌شكردنى وڵات و هه‌ڵسانه‌وه‌ى عێراق له‌ گۆڕه‌پانى سياسى ناوچه‌كه‌ و جيهاندا".

 سه‌رچاوه‌: غه‌دپرێس

ئ.ڕ