دیارترین كه‌سه دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق له‌به‌ره‌ی نه‌یارانی كورد بوون
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق وه‌ك گه‌رده‌لوول روخساری چه‌ندین سیاسی له جومگه‌ی بڕیاردان راماڵی كه ماوه‌ی 15 ساڵ بوو هۆڵی سیاسه‌تیان قۆرخ كردبوو
K24- هه‌ولێر:
ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی عێراق گۆڕانكاری زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی دابه‌زینی باڵانسی كۆنترۆڵی كوتله ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر په‌رله‌مان و دابه‌شبوونی ده‌نگه‌كان له‌نێوان كوتله ركابه‌ره‌كاندا، یاخود به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هێزی جه‌ماوه‌ری، به‌ڵكو ئه‌و گۆڕانكارییانه بوونه‌ته گه‌رده‌لوولێك بۆ ونكردنی چه‌ندین روخساری سیاسیش، كه له دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقه‌وه تا ئێستا ده‌ستیان له جومگه سیاسییه‌كانی عێراق به‌رنه‌داوه.
به‌گوێره‌ی چه‌ند زانیارییه‌ك، كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی "عه‌ره‌بی جه‌دید" بڵاوكراونه‌ته‌وه، هه‌ریه‌ك له هومام حه‌موودی، سه‌ركرده‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، عالیه نوسێف، سه‌ركرده له ده‌وڵه‌تی یاسا كه نووری مالكی سه‌ركرایه‌تی ده‌كات و مه‌یسون ده‌مه‌لوجی روخساری دیاری لیستی ئیئتیلافی نیشتیمانی كه له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌للاوییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، زه‌قترین روخساره دۆڕاوه‌كانی ئه‌و هه‌لبژاردنه‌ن. دوای ئه‌وانیش ئاماژه به‌ناوی چه‌ند كه‌سێكی دۆڕاوی دیكه كراوه، له‌وانه‌ش: "سادق روكابی، عامر خو‌زاعی، عه‌لی عه‌لاق، موه‌فه‌ق روبێعی، محه‌مه‌د مه‌ولا، جاسم جه‌عفه‌ر و عه‌دنان ئه‌سه‌دی"، له‌كاتێكدا ئاماژه به‌ناوی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی دیاریش كراوه، كه به كه‌سانی دۆڕاو له‌و هه‌وڵبژاردنه‌دا ناوده‌برێن، به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوی یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه.
وه‌ك رۆژنامه‌ی ،عه‌ره‌بی جه‌دید ئاماژه‌ی پێكردووه، هه‌رچی ئه‌وانه‌شن كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشوو له ساڵی 2014، رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگه‌كانیان له‌ده‌ستداوه، ناویان له لیستێكی ریزبه‌ندیدا دیاریكراوه و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئیئتیلافه‌كه‌ی نوری مالكی ناوی هاتووه، كه له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا 92 كورسی له په‌رله‌مان به‌ده‌ستهێنابوو، كه‌چی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیاتر له دوو له‌سه‌ر سێی كورسییه‌كانی له‌ده‌ستداوه و ته‌نیا 24 كورسی به‌ده‌ستهێناوه. دوای ئه‌ویش ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی به سه‌رۆكایه‌تی هومام حه‌موودی دێت، دواتریش ئیئتیلافی فه‌زیله‌ی عه‌ممار ته‌عمه له پله‌ی سێیه‌می ئه‌و لیسته‌دایه و وه‌ك ئاماژه‌یپێكراوه، هیچ كامێك له‌و ئیئتیلافانه نه‌یانتوانیوه ژماره‌ی كورسییه‌كانیان بگه‌یه‌ننه 20 كورسی.
به‌گوێره‌ی داتای ژماره‌یی ده‌نگه‌كانی كاندیدان كه كۆمسیۆن بڵاویكردوونه‌ته‌وه، مالكی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 91 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه، له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2014 ملیۆنێك و 246 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست هێنابوو، هه‌روه‌ك ئه‌یاد عه‌للاوی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 46 هه‌زار ده‌نگی هێناوه، له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنی پێشوو 982 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنابوو، ئوسامه نوجێفیش كه ته‌نیا له موسڵی شاره‌كه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگی هێنابوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا 21 هه‌زار ده‌نگی هێناوه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌شدا له هه‌ڵبژاردنی پێشوو له ساڵی 2014، حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌نیا 2 هه‌زار ده‌نگی هه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان ده‌نگه‌كانی بۆ 75 هه‌زار ده‌نگ به‌رزكردۆته‌وه.
ئه‌و داتا و ژمارانه‌ش كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، ته‌نیا هی ژماره‌یه‌ك پارێزگایه و به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كان لیستی سائیرون به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به به‌ده‌ستهێنانی 54 كورسی له په‌رله‌مانی عێراق، له پێشه‌وه‌ی هه‌موو لیسته به‌شداربووه‌كانه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌نجامه فه‌رمییه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندراون، پێشبینی ده‌كرێت داتاكان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌و لیستانه‌ش بكرێت كه ناوی سیاسییه دۆڕاوه‌كانیان تێدا هاتووه، زۆربه‌یان ئه‌وانه‌ن كه پێشتر له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دژایه‌تی پڕۆژه‌ی كوردیان كردووه و هه‌میشه به‌رهه‌ڵستی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی كوردیان كردووه.
H.B