عه‌بادی روو له سه‌در و پشت له مالكی و عامری ده‌كات
ئه‌گه‌ره‌كانی رێكه‌وتنی عه‌بادی له‌گه‌ڵ سه‌در و حه‌كیم و سه‌ركرده‌ی لیسته‌كانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت زۆر به‌هێزن
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌تی كرده‌وه، حه‌یدره عه‌بادی، سه‌رۆكی كوتله‌ی نه‌سر له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی و ئیئتیلافی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری رێككه‌وتن بكات بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو و دووپاتیكرده‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بادی و كوتله براوه‌كانی دیكه، ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی پیرۆزبایی و پێپشبینییه‌كانی قۆناغی داهاتووه، نه‌ك بۆ رێككه‌وتن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به سایتی "غه‌د پرێس"ـی راگه‌یاندووه، "ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له رێككه‌وتنی نێوان سه‌ركرده‌ی كوتله‌ی نه‌سر له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، له‌ڕاستییه‌وه دوورن"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "چه‌ندین په‌یوه‌ندی له‌نێوان عه‌بادی و كوتله براوه‌كاندا هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییانه سنووری پیرۆزباییان تێپه‌ڕ نه‌كردووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "جگه له فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا، په‌یوه‌ندی له‌نێوان نه‌سر و سائیرونیش هه‌بووه كه له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هێشتا ئه‌نجامی كۆتایی ده‌رنه‌كه‌وتوون و تا دوا ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا نه‌كرێن، باس له پێكهێنانی حكوومه‌ت ناكرێت".
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق گوتی: "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ئارادایه، ناكرێت بكرێته بنه‌مای پێكهێنانی حكوومه‌ت و رێككه‌وتن له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و ئه‌نجامانه واژوو بكرێن".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ش له‌گه‌ڵ سائیرون و حیكمه و كوتله‌كانی دیكه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ره‌كانی رێكه‌وتنی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در و عه‌ممار حه‌كیم و سه‌ركرده‌ی لیسته‌كانی دیكه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت زۆر به‌هێزن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه لایه‌نه‌كان له‌نێوان خۆیان بۆ یه‌كتری دیاریده‌كه‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه سه‌رچاوه‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تی یاسا راگه‌یاندووه، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانی سائیرون به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، گفتۆگۆی فراوان له‌نێوان هه‌ریه‌ك له ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی و، هاوپه‌یمانی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ڕێوه‌ده‌چن، بۆئه‌وه‌ی عه‌بادی رازی بكه‌ن هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌نێوان ئه‌و سێ كوتله‌یه له دژی سائیرون پێكبهێنن و به‌ڕی سه‌ركه‌وتن له‌ژێر پێی سه‌در ده‌ربكێشن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌نێوان فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا هاتۆته ئاراوه"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، تائێستا چاره‌نووسی ئه‌و دوو لیسته له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نه‌سر دیارنییه، ئاخۆ ده‌گه‌نه رێككه‌وتن یان نا.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، ناوی هاوپه‌یمانی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی، له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و تویته‌ی سه‌دردا هاتووه، كه شه‌وی رابردوو رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به تێكستێكی خوازراو ئاماژه‌ی به‌ناوی ئه‌و لیست و لایه‌نانه كردبوو، كه‌ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵیان درووست بكات.
سه‌رچاوه‌كه گوتیشی: "ئێمه له سیاسه‌ت كارده‌كه‌ین و كوتله‌كانیش له پلان و نه‌خشه‌سازییه‌كانمان به‌باشی لێمان تێده‌گه‌ن، ده‌كرێت هاوپه‌یمانێتی درووست بكه‌ین یانیش له‌وانه‌یه هه‌ر رێككه‌وتنیش روونه‌دات و هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك درووست نه‌بێت".
دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌شێك له پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هاوپه‌یمانێتی سائیرون له ركابه‌رییه‌كه‌دا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی دوای خۆی ئه‌وه‌نده زۆر نییه، بۆیه لایه‌نی براوه ده‌یه‌وێت هه‌رچی زووه هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێكبهێنێت، بۆئه‌وه‌ی له‌پێكهێنانی كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكوومه‌تدا دیواری تایفی و مه‌زهه‌بگه‌رایی بڕووخێنێت.
H.B