ئێران: ئه‌مه‌ریكا به‌غدادی گواستووه‌ته‌وه ئه‌فغانستان
هۆشداری ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:
ئێران له باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌ر سنووری نێوان ئه‌فغانستان و پاكستان هۆشداری ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییان گواستووه‌ته‌وه ئه‌و شوێنه.
به گوێره‌ی وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، رۆژنامه‌ی "زه ئێكسپرێس تریبیون"ی پاكستانی له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمییه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌رپرسانی باڵای ئێران، به شاندێكی باڵای پاكستانییان راگه‌یاندووه، ئێران راپۆرتی هه‌واڵگری متمانه‌پێكراوی هه‌یه و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێك چه‌كداری داعش هێناوه‌ته سه‌ر سنوور و ئه‌بوبه‌كر بهغدادیشییان له‌گه‌ڵه.
ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێران، به عه‌شتار ئوساف سه‌رۆكی داواكاری گشتی و سه‌رۆكی شانده‌كه‌ی پاكستانییان راگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئێران و پاكستان وه‌ك سووریا، عێراق، لیبیا و ئه‌فغانستان لێبكه‌ن.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌و شانده‌ی پاكستان له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر مونته‌زیری، داواكاری گشتی ئێران سه‌ردانییان ئه‌و وڵاته‌یان كردووه.
رۆژنامه‌كه دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه، شاره‌زایانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاكستان گرنگییه‌كی تایبه‌ت به په‌یامه‌كه‌ی ئێران ده‌ده‌ن و ده‌ڵێت: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان چه‌ند جارێك گومانی خۆی له بوونی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌سه‌ر سنوور راگه‌یاندووه، رووسیا و تاجیكستانیش مه‌ترسییه‌كانی بوونی رێكخراوه‌كه‌یان له ئه‌فغانستان به هاوكاری ئه‌مه‌ریكا، خستووه‌ته‌ڕوو".
باڵیۆزی تاجیكستان له پاكستان نیگه‌رانی خۆی له زیادبوونی كاریگه‌رییه‌كانی داعش له ئه‌فغانستان ده‌ربڕیوه و رایگه‌یاندووه، بوونی رێكخراوه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه به گشتی.
ا. م