لایەنە ناڕازییەكان لە دەرگای دادگای فیدراڵی دەدەن
"ئەگەر وەڵامی ئەرێنێ نەبوو رێگەی مەدەنی دەگرینەبەر"
K24 - سلێمانی
لایەنە ناڕازییەكانی كوردستان لە ئەنجامی ھەرڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھێشتا بەدوای گەڕانەوەی ئەو دەنگانە كە وەك خۆیان دەڵێن، لێیان دزراون، بەڵام تائێستا سكاڵا و سەردانەكانیان بۆ بەغدا ھیچ ئەنجامێكی نەبووە، بۆیە بڕیارە ئەمجارە لە دەرگای دادگای فیدڕاڵی ئێراق بدەن و لەوێش سكاڵا تۆمار بكەن.
لەوبارەوە ریبوار کریم، وتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەموو رێگە یاسایی و مەدەنییەكان دەگرینەبەر، ئێستا لە سەرقاڵی گرتنەبەری رێگە یاساییەكانیان، ئەگەر دەنگەكانمان بۆ نەگەڕێتەوە رێگە دیپلۆماسییەكان و مەدەنیی دەگرینەبەر، دەبێ خەڵكیش بەشێك بێت لە بەرگری كردن لە دەنگەكانی خۆیانی".
گوتیشی: "ئێمە تەزویرەكەمان دۆزیوەتەوە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی بۆ ئەم تەزویرە نەبێت یان وەڵامەكەی ئەرێنی نەبێت لە بەرژەوەندی دەنگدەران گرفتی گەورە روودەدات، یەكێك لە گرفتەكانیش ئەوەیە خەڵك باوەڕی بە خەباتی مەدەنی نامێنێ و بەشداری ھەڵبژاردن ناكات، ھاووڵاتیان لەم وڵاتە تەنھا دەنگیان ماوە ئەگەر ئەمەشیان لێ بدزرێ بە تەواوی بێ ئومێد دەبن".
ھەموو لایەنەكان و دەنگدەران داوادەکەن یاسا سەروەربێت و لەسەروی ھەموو ریکار و رێوشوینێکەوە بێت. لە کاتێکدا سەرۆکایەتی کۆمار رەزامەندی خۆی راگەیاندووە لەسەر پەسەندکردنیش ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، بەڵام چەندین لایەنی سیاسی بەشداربووی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕازین و تانەی لێدەدەن. یاساناسیکیش رایوایە ئەگەر دادگای فیدراڵی لایەنگیری بکات ئەوا سەروەری یاسا پێشیل دەکات و کێشەی دەستووری تازە دروست دەبێت. باشترین رێگەش بۆ چارەسەرو یەکلایی کردنەوەی ئە کێشانە دووبارە ناردنەوەیەتی بۆ پەرلەمان.
دانا محمد، یاسا ناس دەڵێت: "ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بتوانێت كێشەیەك یەكلایی بكاتەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و حكوومەت، لەو كاتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات، ئەوە بێگومان دەوڵەتی عێراقی بەرەو فەوزایەكی سیاسی دەڕوات، چونكە ھاووڵاتی باوەڕی بە ھیچ لایەنێك نامێنێ لەم وڵاتە".
ھ.م