به‌ ڤیدیۆ... له‌ یارییه‌كی دراماتیكیدا مانشافته‌كان شكستیان به‌ سوید هێنا

ئه‌ڵمانیا به‌ 10 یاریزان شكستی به‌ سوید هێنا

له‌ گه‌ڕی دووه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی 2018ـی رووسیا، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌ به‌ 10 یاریزان شكستی به‌ سوید هێنا.

هه‌ڵبژارده‌ی سوید له‌ خوله‌كی 32 له‌ رێگه‌ی ئۆلا تۆیفونین به‌ گۆڵێك پێشكه‌وت، یارییه‌كه‌ش له‌ گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ كۆتایی هات.

به‌ڵام رووداوه‌ گه‌وره‌كان له‌ گێمی دووه‌م روویدا، سه‌ره‌تا له‌ خوله‌كی 48 مانشافته‌كان یه‌كه‌مین گۆڵی خۆیان له‌ مۆندیال له‌ رێگه‌ی ماركۆ ریۆس تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار بوو ریۆس له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له‌ مۆندیال یاری بكات و گۆڵ تۆمار بكات.

دواتر له‌ خوله‌كی 82 جیرۆم بواتینگ به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ كارتی سوور كرایه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ كۆتایی یارییه‌كه‌ مانشافته‌كان و سوید هێرشی ترسناك و خێرایان بۆ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر برد، دواجار له‌ خوله‌كی زیادكراوی كۆتایی یارییه‌كه‌ تۆنی كرووس به‌ لێدانی راسته‌وخۆ گۆڵی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد.

ئه‌ڵمانیا له‌ دوایین یاری قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان رۆژی چوارشه‌ممه‌ رووبه‌ڕووی كۆریای باشوور ده‌بێته‌وه‌، مێكسیك و سویدیش به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.