به‌ فه‌رمی سوید گه‌یشته‌ قۆناخی هه‌شتی مۆندیالی رووسیا

سوید به‌ربه‌ستی سویسرای بڕی

له‌ قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2018ـی رووسیا، هه‌ڵبژارده‌ی سوید به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام له‌ سویسرای برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ قۆناخی هه‌شتی مۆندیال.

یارییه‌كه‌ له‌ گێمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، دواتر له‌ خوله‌كی 66ـی گێمی دووه‌م ئیمیل فۆرسبێرگی یاریزانی لایبزیگی ئه‌ڵمانیا دوای 14 لێدان توانی یه‌كه‌مین گۆڵ له‌ مۆندیالی 2018 بۆ سوید تۆمار بكات.

له‌ كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌ش، ناوبژیوان، میشێل لانگی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی سویسرای به‌ كارتی سوور ده‌ركرد، به‌هۆی سیسته‌می ڤاریش ناوبژیوان له‌ هه‌ژماركردنی لێدانێكی پێناڵتی له‌ دژی سویسرا په‌شیمان بووه‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ بۆ لێدانی راسته‌وخۆ گۆڕدرا.

یارییه‌كه‌ تا كۆتایی به‌ تاكه‌ گۆڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سوید كۆتایی هات، جلزه‌رده‌كان له‌ قۆناخی هه‌شت چاوه‌ڕوانی براوه‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی نێوان كۆلۆمبیا و ئینگلاند ده‌كه‌ن.