پاریس سانجێرمان بووه‌ پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری فره‌نسا

سانجێرمان بۆ هه‌شته‌مجار بووه‌ پاڵه‌وان و دی ماریاش به‌ باشترین یاریزان ده‌ستنیشان كرا

یانه‌ی پاریس سانجێرمان گۆڵبارانی یانه‌ی مۆناكۆی كرد و جامی سووپه‌ری فره‌نسای به‌ده‌ستهێنا و ئه‌نخیل دی ماریاش به‌ باشترین یاریزانی یارییه‌كه‌ ده‌ستنیشان كرا.

له‌ جامی سووپه‌ری فره‌نسا له‌ شاری شینزن له‌ وڵاتی چین پاریس سانجێرمان و مۆناكۆ به‌یه‌ك گه‌یشتن، یانه‌ پاریسییه‌كه‌ به‌ 4 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به‌ مۆناكۆ هێنا.

له‌ خوله‌كی 33ـی ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌، دی ماریا شریتی گۆڵه‌كانی یانه‌ی سانجێرمانی بڕی، دواتر له‌ خوله‌كی 40 كریستوفه‌ر نكونكوی یاریزانی لاو دووه‌مین گۆڵی بۆ پاریس سانجێرمان زیاد كرد، گێمی یه‌كه‌م به‌ 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندی (پی ئێس جی) ته‌واو بوو.

پاشان له‌ گێمی دووه‌م و به‌ دیاریكراوی له‌ خوله‌كی 67 تیموتی ویا گۆڵی سێیه‌می بۆ یانه‌ پاریسییه‌كه‌ زیاد كرد، پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ لێ بدرێت، دی ماریا گۆڵی چواره‌می تۆمار كرد و خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی یارییه‌كه‌شی پێبه‌خشرا.

یانه‌ی پاریس سانجێرمان بۆ هه‌شته‌مینجار له‌ مێژووی خۆیدا بووه‌ پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری فره‌نسا، له‌ دوای یارییه‌كه‌ش تۆماس تۆخیل راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌ دڵخۆشی خۆی ده‌ربڕی كه‌ له‌ یه‌كه‌مین یاری فه‌رمی یه‌كه‌مین ناسناوی بۆ یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

Fly Erbil Advertisment