كۆرتوا له پێناو ریال مهدرید مانی گرتووه و بایكۆتی مهشقهكانی كردووه
پێشبینی دهكرێت له ماوهی چهند كاتژمێری داهاتوو گرێبهستهكهی رابگهیهندرێت

بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک تیبۆ کۆرتوا بەشداریی راهێنانەکانی چێڵسی نەکرد و ئەمڕۆش ئەو گۆڵپارێزە ئامادەی مەشقەکانی یانەکەی نەبوو، لە کاتێکدا دەنگۆی زۆر هەیە لەم هاوینە ریزەکانی یانەکەی بەجێبهێڵێت.
کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک کۆرتوا بەشداریی راهێنانەکانی بلووزی نەکردووە. لە کاتێکدا یاریزانەکانی دیکەی چێڵسی کە بەشداریی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠١٨یان کردبوو، گەڕانەوە راهێنانەکانی یانەکەیان و دوێنێ دووشەممە دەستیان بە مەشقەکانیان کردەوە، بەڵام کۆرتوا سەرەڕای تەوابوونی ماوەی پشووەکەی هێشتا دەستی بە راهێنان نەکردووەتەوە، کە نزیکە لەوەی بچێتە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی.
دوێنێ دووشەممە میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، کۆرتوا داوای لە ماوریزیۆ ساری بەڕێوەبەری هونەری چێڵسی کردووە رێگای پێبدەن یانەکە بەجێبهێڵێت، کە لە سەرەتای ئەم هاوینەوە ریال مەدرید لە هەوڵدایە ئەو گۆڵپارێزە بەلجیکییە بباتە ریزەکانی.
یاریزانەکانی دیکەی چێڵسی وەکو ئێدین هازارد و ئۆلیڤەر جیرۆ و نگۆلۆ کانتی گەرچی وەکو کۆرتوا گەیشتنە یاریی کۆتایی، بەڵام پەیوەندییان بە مەشقەکانی بلووز کردووەتەوە، بۆیە پێدەچێت پێداگیری کۆرتوا لەسەر رۆیشتن هۆکارێکی نەگەڕانەوەی ئەو گۆڵپارێزە بێت بۆ راهێنانەکانی یانەکەی، کە هاوینی داهاتوو کۆرتوا گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و چێڵسی دەیەوێت تاکو رۆژی پێنجشەممە پێش ئەوەی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت، شوێنگرەوەیەک بۆ کۆرتوا بدۆزێتەوە، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی سکای سپۆرتس جاک بوتلاند نزیکترین گۆڵپارێزە تاکو ببێتە جێنشینی کۆرتوا.