لە گەرمیان كەسێك لەكاتی دزینی ماتۆڕسكیل بریندار كرا

تۆمەتباران دەستگیركران

K24 - گەرمیان

لە دەڤەری گەرمیان دوو كەس دەیانەوێت ماتۆڕ سكیلێك بدزن، بەڵام لەكاتی گواستنەوەی ماتۆڕسكیلەكە خاوەنەكەی تەقەیان لێدەكات و یەكێك لە تۆمەتبارەكان بریبدار دەبێت.

 لە راگەیەندراوێكدا پۆلیسی گەرمیان لەسەر زاری رائیدی مافپەروەر علی جەمال قدووری بڵاویكردەوە: "ئێوارەی رۆژی 26/8/2018، لەقەزای کفری دووتۆمەتبار ماتۆڕسکیلێك دەدزن و بۆ ناحییەی رزگاری سەربەقەزای کەلار دەیگوێزنەوە، بەڵام لە رێگا لەلایەن خاوەنی ماتۆڕسکیلەکەوە تەقەیان لێدەکرێ و یەکێك لە تۆمەتبارەکان برینداردەبێت، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە رووداوەکە دەست بەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناحییەی سەرقەڵا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە تۆمەتباران و ئەو دوو کەسەی تەقەیان کردوە دەستگیركران".

راشیگەیاندووە: "بریندارەکە بە مەبەستی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی قەزای کەلارکرا دوای چارەسەری سەرەتایی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێت. بە بڕیاری دادوەر تۆمەتباران لەبنکەی پۆلیسی سەرقەڵا دەستبەسەركران".

ھ.م