موحسین رەزایی: هەر هەڵەیەکی دوژمن کردنەوەی بەرەی نوێ و سوپرایزی گەورەتری بەدوادا دێت
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هۆشداری دایە نەیارانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، هەر هەڵەیەکی نوێ لە بەرامبەر تاران، باجەکەی زۆر قورستر دەبێت و رووبەڕووی وەڵامی چاوەڕواننەکراو دەبنەوە.
موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لێدوانێکدا رایگەیاند،، تاوەکو ئێستا هەر هەڵەیەکی حیساباتی دوژمن لە بەرامبەر ئێراندا کردوویەتی، شکستی گەورەی بۆ خۆی بەدەستهێناوە، هەروەها جەختیکردەوە، هەڵەی داهاتووی دوژمن، هێنانەکایەی بەرەی نوێی رووبەڕووبوونەوە و سوپرایزی زۆر گەورەتری بەدوادا دەبێت.
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران راشیگەیاند، بە سەرکردایەتیی دانایانەی رێبەری باڵا، پشتیوانی و هاوڕێیەتیی گەلی مێژووساز و هەماهەنگیی تەواوی جومگە و دامەزراوەکانی دەسەڵات، ئێران بە بەهێزی و متمانەوە لەم قۆناخ و بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا تێدەپەڕێت.
قسەکانی موحسین رەزایی دوای ئەوە دێت، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز روونیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی گرتووەتەبەر. بە گوتەی رایت، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئێران وەک گەورەترین رژێمی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا ناوی برد، ناتوانێت و نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی.
رایت سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتن گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە بەدوای هەموو رێگەیەکدا دەگەڕێین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە لە رووی ئابووریی وڵاتەکەمانەوە، هاوکات ئامادەشین بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی. بەڵام ناتوانین بۆ ئیدارەی داهاتوو بەجێی بهێڵین ئێران خاوەنی چەکی ناوکی بێت، چونکە ئەمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری".
وەزیری وزەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەگەر بڕیارەکان تەنیا سیاسی بوونایە، سەرۆک دۆخی ئێران و چەکی ناوکیی بۆ ئیدارەی داهاتوو دوا دەخست. رایت جەختیکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوێکی گرنگی ناوە و بڕیاریداوە رێگە نەدات ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر بازاڕی وزە، رایت روونیکردەوە ترەمپ ئاگاداری ئەوە بووە ئەم هەنگاوە نرخەکانی وزە لە کورتخایەندا بەرز دەکاتەوە. رایت گوتی: "من زیانەکانی ئەم لایەنە هەڵدەگرم، بەڵام دەبێت کارە دروستەکە بکەم".
لەبارەی مەترسییەکانی سەر کەرتی وزەش، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی، سەرۆک بە تەواوی ئاگاداری ئەو مەترسییانە بوو هەڕەشە لە هەناردەی وزەی ناوچەی کەنداو دەکەن. رایت لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە، "بە سادەیی ناتوانم رێگە بەوە بدەم. جیهان ناتوانێت بەرگەی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی بگرێت و من رێگە نادەم ئەمە رووبدات".