پاڵاوگەكان ھەڕەشە لە ژیانی خەڵك دەكەن

رێنماییەكان جێبەجێ ناكرێت

K24 - سلێمانی

لە ناوچەی تانجەڕۆی پارێزگای سلێمانی چەندین پاڵاوگە و کارگە ھەن كه‌ نزیكن له‌ ناوچەی نیشتەجێبوون، به‌هۆی ده‌رهاوێشته‌كانیان بوونه‌ته‌ ھۆكاری پیسبوونی ژینگه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش له‌پێناو سەلامەتی تەندروستی ھاووڵاتییان بڕیاریداوه‌ بە داخستن و گرتنەبەری رێوشوینی یاسایی بۆ ئەو پاڵاوگانە.

نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی تەنیا کێشەی دانیشتووانی بەشێك لە گەڕەكەكانی تانجەڕۆ نییە، بەڵکو بوونی چەندین پاڵاوگە و ناوچەی پیشەسازی وایکردووە ژینگەیەکی ناتەندروست ھەبێت و هه‌ڕه‌شه‌ی بێت بۆ ژیانیان، زۆرێك لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لە چاوەڕوانی دەرفەتێکدان بۆ گەیاندنی کێشەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار.

کامەران محه‌مه‌د، زیاتر لە 20 ساڵە دانیشتووی ناوچەكەیە ئەو دەڵێ: "چەند ساڵێكە ئەو كارگانە لێرە دامەزراون و زۆربەیان نایاسایین، بۆنیان خەڵكی بێزاركردووە و زیانی تەندروستی پێگەیاندوین، چەند ھاووڵاتییەك تووشی تەنگە نەفەسی بوونە".

لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بڕیاردرا ئەولەویەتی کاری حکوومەت لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی ھاووڵاتییان و ژینگەی کوردستاندا بێت، بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ پاڵاوگە نایاساییه‌كان، كه‌ بوونەتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە و بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیش دەڵێت، بڕیارەکەی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چووەتە بواری جێبەجێکرنەوە.

دیار شێخ غه‌ریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر بتوانین رێنماییەكانی حكوومەت جێبەجێ بكەین، ئەوا پاڵاوگە و كارگەكان زیانێكی ئەوتۆیان نابێت، ئێمە دەتوانین رێكاری یاسایی بەرامبەر ھەر كارگەیەك بگرینەبەر كە مۆڵەتی نییە و سەرپێچی دەكات".

ناوچەی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی بە یەکێك لەو ناوچانەی كه‌ بەھۆی چەندین پاڵاوگە و کارگەوە زیانێکی زۆری بەر ژینگە گەیاندوە، به‌ تێكه‌ڵبوونی کارگە و پاڵاوگه‌كان به‌ ماڵه‌کان، بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ته‌ندروستی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌.

ھ.م