هەسەدە دواین جەنگی داعش دەکات

"ترسی ئەوەیە هەیە جارێکی دیکە ئەمەریکا کورد دوای جەنگ بفرۆشێت"

K24 – هه‌ولێر:

هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) هێرشی خۆیان بۆ سەر دواین پێگەی چەکدارانی رێکخراوی داعش ئەنجامدەدەن بەڵام ترسی ئەوە هەیە جارێکی دیکە دوای جەنگ، هێزە کوردییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە "بفرۆشرێن".

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی جەروسەلم پۆست، هێزەکانی هەسەدە، کە شەرڤانانی کورد بەشێکی زۆری پێکهێناون، لە ناحیەی هەجین سەر بە پارێزگای دەیرەزور دەستیان بە جەنگ دژ بە هەزاران چەکداری داعش کردووە.

پڕۆفیسۆر ئوفرا بێنگیۆ، سەرۆکی پڕۆگرامی پرسی کورد لە سەنتەری مۆشیە دایان کە تایبەتە بە توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بە دەزگای میدیا لاینی گوتووە: "سوپای ئەمەریکا پشتگیرییەکی گەورەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لەم جەنگەدا، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ئەمەریکا تاکەی پشتگیری کورد دەکات؟ ئایا ئەمەریکا کوردەکان وەک کارتێکی مامەڵە لەگەڵ رووسیا و تورکیا بەکارناهێنێت؟".

گرنگی جەنگی هەجین لەوەدایە، دواین پێگەی داعشە و دەشکەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق  و سووریا. دەشگوترێت، ئەبو بەکر بەغدادی، سەرۆکی رێکخراوی داعش، لەو ناوچەیە خۆی حەشارداوە.

ئەو پرۆفیسۆرە پێشی وایە، کۆنتڕۆڵکردنی دواین ناوچەکانی دەستی داعش، بە مانای کۆتای داعش نایەت چونکە ئەگەر چی لە عێراق حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، کۆتایی ئەو رێکخراوەی راگەیاند، بەڵام هێشتا لە رێگای شانە نوسووتوەکان چالاکی ئەنجام دەدەن.

ماوەی شەش رۆژە جەنگی وەدەرنانی داعش لە سووریا دەستیپێکردووە  و بۆمب و خۆ کوژەکانی داعشیش، بەربەستێکی گەورەی بەردەم هێزەکانی هەسەدەن لەو ناوچانە.

H.J