دز و فەرهوودچی زریانی فلۆرێنس دەقۆزنەوە

"بە فەردە شتومەک لە مۆڵ و دوکانەکان دەدزن"

K24 – هه‌ولێر:

زریانە بەهێزەکەی ئەمەریکا، فلۆرێنس، چەندین ماڵ و دوکانی بە خەڵکی شاری رالێی لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور چۆڵکرد، ئەمەش بووە دەرفەتێک بۆ هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە تاکو دوکان و بازاڕەکان  تاڵان بکەن.

وەک ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆی وێکت نیوز 6، کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئەمەریکی، دەردەکەوێت، خەڵکەکە دەموچاویان بە ماسک و جلی جیاواز داپۆشیوە و تا دەستیان بڕ دەکات شتومەک لە دوکان و مۆڵەکان دەدزن.

چێڵسی دۆنڤان، پەیامنێرەکە، بوێرانە لە نزیکەوە رووداوەکان دەگوازێتەوە و تەنانەت بە چەند فەرهودچییەک دەڵێت: "ئایا دەزانن ئەوەی ئێوە دەیکەن دزییە؟"، بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە.

نزیکەی چوار رۆژ لەمەوبەر، زریانی فلۆرێنس بە خێرای نزیکەی 220 کیلۆمەتر لە کاتژمێراکدا گەیشتە کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلینای باکوور و بەهۆیەوە دەیان ماڵ داروخاون و کارەبای سەدان هەزار ماڵیش بڕدراوە.

 بەگوێرەی دواین زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، تاکو ئێستا، 18 کەس بەهۆی زریان و رۆچوونی زەوی لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.

H.J