رووسیا: سزاکانی سەر ئێران دەرهاویشتەی دەبێت

"ئەمەریکا هەڵە دەکات"

K24 – هه‌ولێر:

ئەلێکساندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، سزاکانی تشرینی دووەمی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هەڵەن و دەرهاویشتەیان دەبێت.

لە لێدوانێکی بۆ دەزگای سی ئێن بی سی، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند: "ئێمە پێمان وایە ئەو سزایانە بێ بەرهەم دەبن، وە هەڵەشن".

ئەو وەزیرە دەڵێت: "باشترە کارکردن لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوام بێت، ئێران یەکێکە لەو هەناردەکەرانەی کە سەقامگیری بە بازاڕەکان دەبەخشێت".

 ئەلێکساندەر نۆڤاک دەشڵێت: "ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بۆیە بڕوام وایە سزاکانی ئایندە دەرهاویشتەیان دەبێت، بەڵام ئێمە کاتێک لێدوان دەدەین کە سزاکان دەسەپێندرێن".

بەهۆی زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان و دژایەتی کردنی ئەمەریکا لە ناوچەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، دواتر بەشێکی سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە و بڕیاریشە مانگی یانزدەی ئەمساڵ، بەشی دووەمی سزاکان کە سێکتەری نەوت و وزە دەگرێتەوە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بەسەر تاراندا بسەپێنرێت.

H.J