ئیسلامییەكان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن رازی نین
ھۆكارەكان دەخرێنەڕوو
K24 - سلێمانی
لەدوای بڵاوبوونهوهی ئەنجامە نا فەرمییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەركەوتووە كە ھەندێك لایەن دەنگەکانیان کەمیکردووە. لایەنە ئیسلامیەکانیش لە ئەنجامەكان ناڕازین و رای خۆیان لەسەر پرۆسەكە دەخەنەڕوو.
بە گوێرەی ئەنجامە نافهرمییهكان کورسی لایەنە ئیسلامییەکان بەراورد به ژمارهی کورسییهكانیان له خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان کەمیکردووە، یەکگرتووی ئیسلامی كه به ھاوپەیمانێتی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی لە چوارچێوەی بهرهو ئیسلاح بەشداری ئهم ههڵبژاردنهیان کردبوو، پێیانوایە جگه لهوهی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان کەمبووە، بەڵام بە زیادکردنی نایاسایی و پێشێلکاری لە دەنگدان، دەنگەکانیان کەمیکردووەو بهمهش کورسی ھەندێك لایەنی دیکە زیادی کردووە.
شێروان شەمێرانی، راوێژکاری سیاسی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی دەنگەكان ئەو پشێویەیە كە بە تایبەتی لە سنووری سلێمانی ھەیە، ھەروەھا ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆر بایكۆتی ھەڵبژاردنیان كردووە و نەچوونە بۆ دەنگدان، ئەو دەنگدەرانەش كە نەچوونەتە دەنگدان سەر بە لایەنەكانی دەسەڵاتەوە نین".
پاشەکشەی لایەنە ئیسلامییەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەلایەن کەسانی شارەزا لە کاروباری ئیسلامی سیاسی و ئیسلامیەکاندا چەندین ھۆکارێك بۆ چەند ھۆكارێك دەگەڕێندرێتەوە، یەکێك لەو ھۆکارانە دەگەڕێننەوە بۆ بوونی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و ھێزی چەکداری داعش لە ناوچەکە.
فەرەیدون غهریب، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "یەكێك لە ھۆكارەكان بوونی داعش لە ناوچەكە و توندڕەوی ئاینییە، كە ئەمە تاڕادەیەك وایكردووە لایەنە ئیسلامییەكان پاشەكشە بكەن، ئەتوانم بڵێم ئەو توندڕەویی خەڵكی لە ئیسلام دوور خستووەتەوە".
لایەنە ئیسلامییەکان لە خوولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 17 کورسی پەرلەمان بوون، بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامانەی، کە لایەنەکان لە رێگەی چاودێرەکانیانەوە لەسەر سندووقی دەنگدان دەستیان کەوتووە بە سەرجەم لایەنە ئیسلامییەکان نزیکەی 13 کورسیان بە دەستھێناوە.
ھ.م