هاووڵاتیانی شاری دهۆک توڕەن لە 48 ملیۆن دینارەکەی پەرلەمانتاران

"با مەلاکان پەبجی حەرام نەکەن، ئەو پارانە حەرام بکەن"

K24- هه‌ولێر:

هاووڵاتیانی شاری دهۆک نیگەرانن لە وەرگرتنی بڕی 48 ملیۆن دینار لەلایەن پەرلەمانتارانەوە و بە نایەکسان و حەرامی دەزانن.

لە نێو 111 پەرلەمانتاری خولی چوارەم، 97 پەرلەمانتار، بێجگە لەو 14 پەرلەمانتارانەی کە بۆ خوولێکی دیکە دەرچوونەتەوە، 48 ملیۆن دینار، بە سێ قۆناخ وەردەگرن، جگە لەوەی بە نزیکەی 6 ملیۆنی مانگانەش، خانەنشین دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی پاشەکەوتی مووچەکانیان، حکوومەت ٢٥٠ ملیۆن دینار، قەرزاری ھەر یەکێکیانە.

یەکێک لە کاسپکارانی شاری دهۆک لەبارەی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە پێیوایە، ئەوە نایەکسانییە پێشمەرگەیەک کە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە بە 300 هەزار خانەنشینبکرێت و پەرلەمانتارێک مانگانە شەش ملیۆن دینار مووچە وەربگرێت، واش بڕی 45 ملیۆنیان پێبدرێت.

یەکێکی دیکەش لە هاووڵاتیانی دهۆک دەڵێت: "دەبێت مەلاکان پەبجی حەرام نەکەن ئەو بڕە پارەیە حەرامبکەن کە دەدرێت بەو پەرلەمانتارانە".

بەشێک لە چالاکوانانی بواری مەدەنیش پێیان وایە کە پەرلەمانتاران بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاساکان دەردەکەن و وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیەش پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەبوو کە پێش بوونیان بە پەرلەمانتار بە خەڵکیاندا.

H.J