مێژوو بە گێڕانەوەی چەواشە نانووسرێتەوە

مێژوو بە گێڕانەوەی چەواشە نانووسرێتەوە
مێژوو بە گێڕانەوەی چەواشە نانووسرێتەوە

ڕۆژی 2ـی ئۆکتۆبەر، چاوپێکەوتنێکی کاپتن هۆشەنگ سەمەدی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە سۆشیالمیدیای فارسیزماندا بڵاو کرایەوە. لە بەشێک لەم گفتوگۆیەدا، ناوبراو سەبارەت بە شۆڕشی ئەیلوول، خەباتی گەلی کورد و ڕووداوەکانی دوای ساڵی 1975 لێدوانێک دەدات کە ناکرێت بە ئاسانی بەلایدا تێپەڕین؛ گێڕانەوەیەک کە نەک هەر پێویستیان بە بەڵگە هەیە، بەڵکوو لە هەندێک شوێندا بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بیرەوەریی مێژوویی خەڵکی کوردستان و بەڵگەنامە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەدا یەک ناگرێتەوە.

ئەو لەم چاوپێکەوتنەدا باسی لە ئەوە دەکات کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لەگەڵ هێزەکانی بارزانی لە بووە، خۆی وەک فەرماندەی 150 پێشمەرگە دەناسێنێت و دەڵێ: "دوای سازشکردنی بارزانی و ڕاگەیاندنی نسکۆی شۆڕش، سەرجەم ئەو 150 پێشمەرگەیە لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، خۆیان کوشت"! ئەم قسانە تەنیا بیرەوەرییەکی کەسی نین، هەر کەسێک مافی خۆیەتی بیرەوەرییەکانی بگیڕێتەوە، بەڵام کاتێک بیرەوەری هەوڵ دەدات جێی مێژوو بگرێتەوە، ئیتر ناکرێت پێمانوابێت هەڵە ناکات. مێژوو بەڵگەی دەوێت، شایەتی دەوێت و وەڵامی بۆ پرسیارە ڕوونەکان دەوێت.

مێژوو بە ڕستەیەک دروست ناکرێت. ئەگەر ڕووداوێکی ئاوا گەورە ڕووی دابێت، پێویستە کات و شوێنی دیاریکراو بێت، ناوی ئەو ١٥٠ کەسە لەکوێیە؟ بنەماڵەکانیان کێن؟ لە کامە بەڵگەی مێژوویی، سەربازی یان توێژینەوەییدا ئاماژە بەو ڕووداوە کراوە؟ چۆن دەکرێت ڕووداوێک بەم ڕەهەندەوە لە بیرەوەریی هەزاران پێشمەرگە، فەرماندە، خێزان و توێژەردا تۆمار نەکرابێت، بەڵام دوای چەندین دەیە لەپڕ لە شێوەی بیرەوەرییەکی تاکەکەسیدا سەرهەڵبدات؟ 

بەڵام کێشەی سەرەکی تەنانەت ئەم بانگەشەیەش نییە؛ کێشەی سەرەکی ئەو گێڕانەوەیەیە کە هەوڵ دەدات یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان بە چەواشەیی بنووسێتەوە. 

بارزانیی نەمر سازشی نەکردووە و ئەوەی لە ساڵی 1975دا ڕووی دا، پێش هەر شتێک ئەنجامی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بوو؛ ڕێککەوتنێک کە لە نێوان شای ئێران و سەددام حسێن ئیمزا کرا و بەدوای ئەوەدا پشتیوانیی ئێران لە شۆڕشی کوردستان نەما و بڕیاری داخستنی سنوورەکانی دا. عیسا پژمان لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا گفتوگۆیەکی خۆی و شا دەگێڕێتەوە و دەڵێ پێم گوت: "جەنابت هێزەکانی عێراقت لە ناوچەی سومار و مێهران هێنایە ناو ئێران و بەناو کوردستاندا ڕەوانەی ئەو ناوچانەت کردن کە پشتیان لە هێزەکانی شۆڕشی کورد گرتبوو، کورد ئەو کارەی ئێوە بە پیلانگێڕی و ناجوامێری و نامەردی دەزانن". خۆزگە جەنابی کاپتن لانی کەم بیرەوەریی هاوسەنگەرانی خۆی خوێندبایەوە. 

شێواندنی مێژوو لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە هۆکارەکان دەسڕدرێنەوە و تەنیا ئەنجامەکان دەمێننەوە. لەوێوە کە بڕیاری دەوڵەتان لەبەرچاو ناگیرێت و سەرجەم بارگرانیی ڕووداوەکان دەخرێتە سەر شانی کەسانێک کە خۆیان قوربانیی ئەو بڕیارانە بوون. هیچ توێژەرێکی بەویژدان ناتوانێت ئەوە ڕەت بکاتەوە کە ڕێککەوتننامەی جەزائیر گەورەترین زەبری لە شۆڕشی کوردستان دا و چارەنووسی ئەو قۆناغەی خەباتی گۆڕی. ڕاستییەکە ئەوەیە کە شای ئێران نەک هەر خیانەتی لە گەلی کورد و بارزانی کرد، بەڵکوو بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، بووە هۆی لەخۆباییبوونی سەددام و چەند ساڵ دوای ئەو ڕێککەوتننامە شوومە، جەنگێکی هەشت ساڵە و وێرانی و گیانلەدەستدانی دەیان هەزار مرۆڤی لێ کەوتەوە. ئەگەرچی ڕێککەوتننامەی جەزائیر خەباتی کوردی بۆ چەند مانگێک کپ کردەوە، بەڵام پێشمەرگە چیایان بەجێ نەهێشت، سەرکردایەتیی کاتی پێک هات و خەبات بەردەوام بوو و ئەمڕۆش شاهیدی بەرهەمی ئەو خەباتەین.

گەورەترین خیانەت بەرانبەر مێژوو، گوتنی درۆیەکی ئاشکرا نییە، بەڵکوو سڕینەوەی ئەو بەشەی ڕاستییەکەیە کە ڕێگە لە پاڵەوانبوونی گێڕەرەوەکەی دەگرێت؛ خۆزگە کاپتن سەمەدی پێش گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە ساختەیە، ئەم ڕاستییەی زانیبا. نەتەوەکان مێژووی خۆیان بە فیداکاری دەنووسنەوە؛ بەڵام هەمیشە کەسانێک پەیدا دەبن کە دەیانەوێت بە ناوی خۆیان لە کۆتاییدا ئیمزایەک بکەن. ئەمڕۆش دیارە هەندێک کەس هەوڵ دەدەن ڕۆڵی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلێک بچووک بکەنەوە تا ڕۆڵی خۆیان گەورە نیشان بدەن، بەڵام مێژوو بیرەوەریی نەتەوەیەک، دەفتەری یاداشتی کەسەکان نییە تا هەر کەسێک و هەر کاتێک بیهەوێت لاپەڕەیەکی بۆ زیاد بکات یان لاپەڕەیەکی لێ بدڕێنێت.

ئەمڕۆ، دوای چەندین دەیە لەو ڕووداوانە، هێشتا هەزاران شایەت زیندوون؛ بنەماڵەی پێشمەرگەکان زیندوون؛ بەڵگەنامە و بیرەوەری و توێژینەوەی زۆر لەبەر دەستن؛ هەر بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێت ئازار و ڕەنجی نەتەوەیەک پەراوێز بخات تا بۆ خۆی پێگەیەکی گەورەتر لە مێژوودا دروست بکات. ڕاستییەکان پێویستیان بە هاوارکردن نییە؛ ئەوە گێڕانەوە لاوازەکانن کە پەنا بۆ زێدەڕۆیی و ئەفسانەسازی دەبەن.